گرووپی شاخەوانی ئەوراز و گەشتێکی یەک ڕۆژەی پاییزی بە وەرزی خەزان و پرسی داڕبەڕوو
جانتاکەت قوورستر لە شانەکانت داگرە بەڵام بە باڵای کەسی هەڵمەکێشە
زۆر لەمێژە بڕیارم داوە تا دەتوانم بخوێنمەوە،هەست و گوێ بسپێرمە دەنگ و بێدەنگی و ڕاوبۆچوونی دیتری کۆ بکەمەوە و جانتای بیر و هۆشم پڕبار بکەم بە جۆرێ قوورس داکەوێ شانەکانم بە دژواری بکەم بە سێپەک و گرێچنی دەسکەکانی، لە ئاپۆرای مرۆڤ و مرۆڤگەلدا نەبم بە مینبەری هەڵڕشتن و هەڵاویشتنی هەڵگرەوەکانم و بە باڵای کەسیشی هەڵنەچنم، زۆر جار کتێبێکم دوو یان چەند جار خوێندووەتەوە گەر لێم دەپرسن سەبارەت بە چییە دەڵێم گەر حەزت کرد بیخوێنەوە دواتر بە هاوفکری یەکدی تاوتوێی دەکەن، عادەتێکی خراپە بەڵام ئیتر خووخدەی “شەویار”ە و لەوانەیە لە دەرەوەی دروونیاتی خۆم زۆر جار ڕقیشم لێی ببێتەوە بڵێم چی خەتای خۆم نییە، هەر لە منداڵییەوە هێندە ڕۆڵی مامۆستای پرسیارکەریان لە پێش چاوی گێڕاوین و چاوەڕوانی ڕۆڵگێڕی قوتابی هەموو شتزانی ژیریان لێ خواستووین ئیتر وا فێریان کردووین کە دەگەڵ هەر پرسیارێک دەبێ هەوڵ بدەین بەدرۆش بێت وڵامێکی سەروبەر بکەین بۆ ئەوەی لە ناو خەڵکیدا نەشکێینەوە وەک باڵای دارەکانی دارستان قەد بکێشین و بەرزانەخۆ ڕاگرین و بەرهەم تەحویل بدەین. ئەرێ باش بوو وەبیرم هاتەوە باسی قەد و بەرزی دار و بەرهەمم کرد..کاک فەرید وەک هەمیشە لە چەقی دارستان بەری دووربینمان لێ دەگرێ و نە دێڵێ وێنەیەکی گشتی لە ناو خزان و خەزەڵوەرێن و گەڵا و دار و دەوەن بگرین و نە مامۆستایانە وانەی دارستامان بۆ دەڵێتەوە!!پرسیار لە سەر پرسیار،پرسیاری ماتماتیک، کیمیا، ئەستێرەناسی، کەشناسی، ڕووەکناسی و… پرسیاری کێ دەزانێ گەزۆ چێ،بەڕوو چییە؟چەند جۆر بەرهەمی بەڕوو هەیە؟!!!گەڵوان چێ؟ بۆ چی بەکار دەبردرێت و …؟! ژێر لاقمان گشتی گەڵای ڕەنگاوڕەنگ و خشەی گەڵا و خۆڕەی کانیاو و چەم و ڕووبار تێکەڵاوی نازانمی خۆم دەکەم وەک هەمیشە نازانم ڕاحەتی گیانم و بێدەنگی پاراستن لە وڵامدانەوەی خۆم و کەسانی دەورووبەر ڕێچکەی ڕێگا دەبڕین و بەڕەو گۆڕایییەکی سەرسەوز لار دەبینەوە دەنگی موسیقی و هەڵاتن بۆ گەڕی سەرچۆپی و داوەت ڕامناکێشێتە کۆڕی بەزمی هەڵپەڕین و سێگرمەکی و گاڵتە و شۆخی کاک برایم و کچانی شۆخ و دەورگێڕانی ڕۆینە و سێپێی و چۆپیکێش…چڕەدووکەڵێک لە لاپاڵی مووچەی ساوێن سرنجی من و کاکە پەیمان ڕادەکێشێ بۆ لێوردبوونەوە و وێنەهەڵگرتنەوە لەم دیمەنە بۆ ئاڕشیوی کاری خۆمان دە داهاتوودا..چەند خاتوونێکی چاوکاڵ و پێست سوور و سپی دەتگووت لە بەر تیشکی خۆرەتاو شقڵی هەناری ساوەیان گرتووە کاک پەیمان بە شێوە زاری خۆیان ڕاوێژی بنزاریان دەخاتە ڕوو و ئەمنیش پێبەپێی ئەوان بە دیالێکتی سۆرانی موکریانی و گەورکی پێ دەخەمە سەر سەری قسان و زانیاری وەرگرتن چۆنییەتی ژیانی نێو ئاوایی وردێ(وەردە) و ساوێن و سەرچاوەی کونە موکوریە و کانی بەگوێز و گەڵاسووتان و بەگەڵیەکردنی سێوهەرمێ (سێوهەرمێ دەنێو گەڵێ چادرێکی ڕادەخەن گەڵای لە سەر ڕادەخەن هەرمێیەکەی دەباڵ دەخەن و سەری بە لایلۆنی دادەپۆشن بۆ زستانێ، گێڕانەوەی خاتوو لەیلا )، لە خانووە گڵینەکە بە ژێربەنای بەرد و دیواری تاشەبەردین نیزیک دەبینەوە و دەڕوانمە نووسراوەی سەر سوانە کە نووسراوە( تاریخ 1392) پێم سەیرە مەبەست لەم دیاریکردنی ڕێکەوتە لە سەر سوانە واتە دەرانەی دەرکەی ماڵەکە دەبێ چی بێت؟ ئەوە دووهەمین جارە چاوم بە وێنەیەکی وەها دەکەوێت سەرسوانەی ڕێکەوتدار لە ناو جەرگەی دارستان و لێڕواری کوردستاندا و ئەوە دووهەمین جاریشە وێنەیەکی وا دەچێتە ناو ئاڕشیوی گووشییەکەم! دوو ڕۆژ دوای گەڕانەوەم لە ڕێگەی تاقمێک لە هاوڕێیانی سەردەشت پێوەندی بە پیاوێکی بەساڵاچوو لە کانیزەرد دەگرم و بە ڕوویەکی خۆشەوە زانیاری زۆر دەخاتە ناو جانتاکەم و تووشی سەرەگێژ و سەرسووڕمانێکی زۆرم دەکات لە چەشنی کاک فەرید دمکاتەوە بە مرۆڤی پرسیارکەر ! و بە وڵامەکانیشی دڵم گڕی لێ هەڵدەستێ لە چەشنی گڕگرتنی پیکنیکەکەی کاک ڕەحیم وای فڕێ هەڵدا چ نەما دارستان لە دەستی قاقای کاک شاهین و کاک مۆحسێن بە لقوپۆی ڕووی خۆی داڕووشێنێ و بریندارتری بکات لە دەستی مرۆڤ!!! دڵم خاو نابێتەوە بە جۆرێ وەک ساڵانی پێشوو لە گەڕانەوەم لە هەڵمەتی نەمامناشتن لە مەریوان بەردەوام لە کاتی پیاسەی ئێوارانم بە پەنا هەر دارێکدا تێپەڕی بووام دەبووایە لێی ورد ببمەوە و بە پرسیارکردن هەوڵ بدەم بۆ ناسینی و، تەنانەت لەوانەیە ڕوو بکەمە زانستی ڕووەکناسی و شڕۆڤەی ڕووەک و جۆرەکانی ڕووەکە چێوییەکان لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستاندا!
بەڕاستی جۆرەکانی دار بەگشتی و داربەڕوو بەتایبەتی لە کوردستاندا بەپێی کام لێکۆڵینەوەی زانستی ڕووەکناسی پۆلێن دەکرێن؟!
“شەویار”