قلم همنوردان

“پاییز” – “سمایل قەززاق”

*پاییز*

قەوسی پاییزە، مسگەری گەردوون قەڵایی ئاونگ قاڵ دەکا و بە ڕەشەبا و گێژەڵووکە و خۆبادان و گرمەگرمی هەوران کارگەی وەکار دەخا.
شەختە لە دەراوان کەوتووە و بە ڕەنگێکی زێوین و ئاماڵ‌سپی دایپۆشیوە پەڵک و گەڵای گیا و گۆڵی پاشخوانی لەوەڕان. لە سەران خووس و سیخوار لەسەر دڕکەزی و تیکانی تیسوو و ڕەشەگوێنی و کیفار و قانگەلاشکێ باریوە، وەک دەنکە کریستاڵ و ورتکەشووشە و زریوەی دەسماڵی شۆخ و چاوبازان لەبەر تیشکی خۆڕی سەرمابردوو دەبریقێنەوە، دەبریسکێنەوە چەشنی چەخماخەی ئاسمانی ئاوس بە هەوری بەهاری.
سێبەری سندەی کێڵگە و ڕەتی جووتێ خاو و نماوییە، بەری بەرڕۆژێ ویشک و پشکوتووە.
سەنگچنی پاردە و وارشی حەوشە و بەردەبێری شینکەی ناسک و ساوا چڵ‌چڵ بەپارێز  سەری لێ‌وەدەرناوە و گەرمکی کردووە و تەماڵی بۆ تینی ڕۆژ هەڵگرتووە.
چیمەن و سەوزایی مێرگ و مۆڵگان سەرما گەڤی لێ‌کردوون و ترساندوونی و ڕەنگیان بە ڕوویەوە نەماوە.
بەردەکانی ڕەوەز و ئەستەم و هەڵدێران سارد و سڕن، لە قەڵەشت و دەروو و زەندۆڵان دەنکەدەنکی گللێرە خۆیان مەڵاس داوە. جەغەتەی سەهۆڵی قاپیلکە ئاوی جێ‌سمانی بەرکۆلان ئاشکرا بوون.
شینە کەروێشکی لانێ تیسکی داڕشتووە و لێک و لووس فیکەی سمێڵانی دێ.
ماشەری کلکی ڕێوی پاش توولەکی هاوین بەتەواوی پڕ و قرژ بووە.
چوالوو بەزی خۆی داڕشتووە، تفاقی داخستووە هەر تەپەی دێ.
گورگ و بەراز و کەمتیار و چەقەڵ داپەڕیونە خوارێ و لە نێو ڕەز و باخ مێشەی چۆل  مڵومۆیان دەکەن.
هەڵۆ و سەقر و باز و کەو و کوند و چوڕڕە و پەڕسللێرکە و کۆترەگایە و هەوێردە ڕەویان کردووە و بەرەو گەرمین فڕیون.
کوێستان نیوە چۆل بووە، دەنگی زەنگوڵەی نێریی سەرشاخان و حەپەی گۆڵەسەی وەرکەوتووی پەنا تێڕ و قاپووت و کەپەنکی شوان نایەتە گوێ. سیڕەی هەڵۆیان قاژوقووژی قەل و سیسارکان لە ما‌ھ و چڕان نەماوە.
کوێستان سەری لە هەوران دەسوێ و دەیانبزێوێ و سینگی ئاوەڵا باوەشی گرتۆتەوە تا بە بەفر و کڕێوە و باسریشک و باکوت پزوویان بکەن و کەوییە بەفری قورس داخا و خۆی پێ  قەڵەو کا.

*سمایل قەززاق*

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *