قلم همنوردان, معرفی کوه‌های منطقه

ڕاپۆڕتی گەشتی “قەڵاتاسیان” – ” سمایل قەززاق”

خەزەڵ وەرە خەزڵ لەسەر خەزەڵی ڕانەدەوەستا لەبەر شۆڕابەی دە شەنگە بییە (حیرانی پاییزە)

بە سوارێ ماشێنی ڕێگایەکی زۆرمان بڕی گەینە ئاوایی نەبیی ئاوا لە ناوچەی نەڵێنی فەقێسیان یا تەنگی گڕژاڵ , لە نیوان شاری میرئاویێ و نەڵاس و هەڵکەوتوو لە نیوان گەورک و مەنگورایەتی. بەرە بووینەوە بەرەو چوومی زێیە و پردە بە ناو بانگەکەی قەڵاتاسیان کە لە چوار دەروو و سێ پایەیی شاخاویی و  سروشتی وتێکەڵاوی دەستکرد مرۆڤ .
بارانی ڕۆژی پێش تر داوستانی سەر لە بەیانی و شەیەکی هەست پێکراوی پێک هێنا بوو , تێ ڕامام و نواڕیمە پردێ
نە پردەوان و باج ئەستێنم بەدی کرد , نە هەو هەوی سواران و وڵاغ داران , نە خرمەی ناڵی سەر بەردان و نە چرپەی چرپی داپوشراوی سەر کاریتان , نە قوولە قوولی ڕێبواران , نە چڕە و گوڕەی گرتنی نۆرە و سڕەی پەڕینەوە , نە لۆژە لۆژی کاریتە و ئاڵوداران , نە نە فیتە فیتی شوان و گاوانان , نەمان گرتن و حیلاندن و هەستانە سەر پاشووی یەک سمی چەمووش , نە شەقەی قەمچی و خەرەزەنی شوانکاران , نە ئێستران بە جەواڵ و یەکسری و ڕەشک ە و تێڕان دەپەڕنەوە , نە خێڵ و کۆچ و ئێلات بار و بارخانیان لە ڕەشماڵ و چیغ و بەڕە و لاکێشان دەگوێزنەوە , نە کاروانی مازوو و کەتیرە و توتن و گوێز و ترێ ڕەشەی ئالانی بەرەو شاران بەڕێوەن , نە شۆڕە سوارانی توند و قۆچاغ و قاچاغ خۆیان لە بن بەڕێزی فیشەک و فیشەک دانان وون کردووە و بە تفەنگی لاشان و خەنجەری موورو لە سەر دەسکی بەر پشتێندی بە تەقەڵە کوت و ڕکێف کوت بێ ترس و منەت وەک بای شەماڵی رادەبرن,  دەنگی خۆشی گۆرانی بێژ و شایەر و چاوەشان لە پێش سوارانی بووکنچی نایا بوک بگوێزنەوە , نە کەیخودا و مەلا و پیاو ماقووڵان لە سەر پردێ بووکی ژن بە ژن ە دەگۆڕنەوە .
پردی پیر و کەنەفت , بێ قەدر قیمەت بەجێ ماوی مێژوو , وەک ددانەکانی مرۆڤی بە ساڵاچوو تاق و لۆق و لەق بووە , کاریتە ئاسنە کانی نا لێک بەینیان کەوتۆتێ  کەلێنیان زارکیکردۆتەوە, وەک دەڵین هەوایەک لە پردەکەی سێڕاتی پەڕینەوەی بە سانی ترە .
کوتە و ڕێچکە و ڕێبازەکانی ئەو سەرەو سەری پردێ کوێر بوونەوە کەند و لەندیان تێکەوتووە بەردی تیژ و زەلامی لێ وەدەرکەوتووە , بسک و پنجی تیرۆ و گۆنی دەوەن ئامبازی ڕیگا بوون و  بار ئەنگێون .
ئەو پردەی ڕۆژێک جمەی دەهات و گاڵتەی بە زێی خوڕێن و لافاوی بە سامی دەکرد ئەو بازەی گەورە پیاوانی وەک مولانا , هەمزئاغا , مەلا خەلیل , مینە شەم , کاک سولەیمان و کاک….. بە سەدان ئاواتەوە ئەو بەرەو بەریان پێدا دەکرد , ئێستا بۆتە هێما , میژوو و سەدان داستانی لە کەلێن و قوژبن و بەردچنی پایەکانی حەشارداوە
https://www.instagram.com/p/CyqvxOZIWl_3WCj4jmCxyzbBTTkxJLbiiyS5vY0/?igshid=NjZiM2M3MzIxNA==

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *