قلم همنوردان

“تراویلکە” – سمایل قەزاق

تراویلکە
دڵ بەرایی نادا، چاوی دیتنی نییە، دڵت بۆی ناچێ، کزەت لە جەرگی دێ، ئاخ و بریا لێک رادەسێن ، هەر تراویلکەی دەیبینی.
ئەو کانیاوەی سەردەمانێک ،هەڵدەقوڵی، ئاو بارەی پڕ بوو، بەری نەدەگیرا ، خیز و زیخی پاک و لووس دەدرەوشانەوە، سەدان ئاوڕوو کەرە و بووکە کانی تێدا بوو، جووزری پنگە و کووزەڵە و گەس گەسک و سؽوەڕە دەوریان دەتەنی و نەقیمی ئاویان لە کلکەوانەی سروشت دەکرد.
هەزاران مێش و هەنگ ،مێشوولە، پەپوولە ، باڵندە ، کەوی ، کێوی ،دڕندە، مار و مێروو، کیسەڵ ، ڕەقە، بێ ژمار ڕوەک، بەرئاو ،گیادروو ،کۆدە ، لە جۆگە ئاوڕۆی پاراوو و تێرئاوو دەبوون ،بە بۆنی خۆش و گوڵی وردیان سەر لێوە جۆیان دەڕازاندەوە.
ڕێڕەوی بەندی لێ هەڵدەبسترا، بەرئاوی لێدەگیرا، گۆل و ئەستێری پڕ دەکرد، کەشاوی دەکرد، دەشتەکی لێ دەنیشت، دێراوی دەزەلاند، بنە بڕکەی دەخووساند.
ئاو نەبوو، خوێن بوو ، لە دڵی کانی را بە دەمارەکانی جۆگەدا، دەچۆ قالبی سرووشت، ژیانی زیندوو رادەگرت ، سنووری نیوان مردوو و زیندوانی دەکرد، گەڵای بڵیندی سەر گلووکی چنار و ڕەگ و ڕیشەی داکووتاوی پیرە گێوژی قەدی بەڕۆژی تێر ئاو دەکرد، بی منەت و چاوەڕوانی ، بێ بارتەقای و دەستەوا دەی ژیاندەوە ژیان .
بەحر و بەندئاو، گۆلی مەزن ، تاڵاو و شام ، بەستێنی بە سام. مێرگی زۆنگ ، بەرە جۆی زەلیوو، شێخاڵی شین ، شێتری بن رەوەزان، چۆڕە چۆڕی بەر میچی ئەشکەوت و ئەشکۆنان، شە و تەڕای قەدی کەندان، ئاونگی گیادروان، وەک خەون، نەماون ، رەوییون ، لە ناو چوون ، گەیونێ لە بیر بچن ، ئاسمانی ساماڵ، بێ هەورە تریشقە ، چڵکە هەورێ لە خۆ ناگرێ، سرووشت غەزریوە، توڕەیە، زوێر بووە ؟؟؟
نا،نا ، مرۆی نا سپاس ، نا شوکر ، حەق نەناس،قۆڵی هەڵماڵیووە، رقەبەرایەتێ دەکا.
لە بەرزانی چیا، بنی دۆڵێ ، نێو چاوانی شاخی هەڵەمووت ، بە لولە و بۆریان ئاوی راکێشاوە، بن هەرد و زەوی شەدار، دادەبڕێ گل و بەردی، زەویی کوون کوون کراوە،بیر لە سەر بیرێ ، چاڵاو لە نێو چاڵاوێ ، لولە ئاسنی تێدەکێشن، هەزاران گۆل و ئەستێری قووڵ لەشی هەردیان دادڕیوە.
ئەو دۆڵ و مەزرایانەی پێشتر دارێکی لە نەبوو، بە سەدان هەزار نەمامیان لێ ناژتووە، بە دەیان باخ و رەزیان پاوان و پەرگین کردووە، چەند ساڵە چۆمی گەورە و چووک ، خڕ قووڵ و دۆڵی گەورە ، ئاویان بەخۆوە نەدیوە، بی و بناوی سەر چۆمان ، چاویان لە بەر پێی خۆ چڕ داگرتووە بەڵکوو تەڕایی بە چۆمی دا ببیننەوە،
بەڵام مرۆڤ چۆتە سەر لقە دارێک دانیشتووە بە مشار دەبڕێتەوە

 

خەزەڵوەری ١٤٠٤ ، سمایل قەزاق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *