سلێمان دڵسۆز
كه جارناجارێك شۆفیر پاسه‌كه‌ی شل ده‌كرده‌وه و ڕایده‌گرت، هه‌ندێ له نه‌فه‌ره‌كان داده‌به‌زین و هه‌ندێكی تر سوار ده‌بوون.
من داهێزاو و ماندوو له سه‌ر كورسییه‌كه پان ببوومه‌وه. له برسان خه‌ونوچكه ده‌یبردمه‌وه و له په‌ستا باوێشكم ده‌دان.
شۆفیری پاسه‌كه هه‌ر كه دوور و نزیكی چوارڕێیی و مه‌یدانه‌كانی نێو شار ده‌بوو له نێو ئاوێنه‌كه‌دا به ده‌نگی به‌رز ناوی مه‌یدانێكی ده‌برد:
ـ ئینقلاب؟
هه‌موو جارێ ده‌نگێگی نێر له پشت سه‌رمه‌وه وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه:
ـ دابه‌زین هه‌یه.
چه‌ند جارێ ئه‌و ده‌نگه‌م بیست و نه‌مدی بۆخۆی دابه‌زێ. ئه‌وه به لامه‌وه سه‌رنجڕاكێش بوو به‌ڵام تاقه‌تم نه‌بوو ئاوڕ بده‌مه‌وه و له ناو ئه‌و هه‌موو سه‌ر و سیما جیاوازانه‌دا له پێوشوێنی ده‌نگێكی گڕ و ناخۆش بگه‌ڕێم كه هیچ دیار نه‌بوو بۆچی ئه‌وه‌نده له جیاتی نه‌فه‌ره‌كانی دی وه ده‌نگ دێ. من هه‌میشه خه‌یاڵم پێ له كرده‌وه ئاسانتره، بۆیه به خه‌یاڵ هێنامه پێش چاوی خۆم: پیاوێكی به‌ساڵداچووی ڕه‌شتاڵه‌ی زیت، پێده‌چوو كاتێ گوێی له ده‌نگی شۆفیره‌كه ده‌بێ، چاوێك به خه‌ڵكه‌كه‌دا بگێڕێ و هه‌ر كه بزانێ یه‌كێك قوونهجووڵهی دابه‌زینیه‌تی ئه‌و خێرا بڵێ: “دابه‌زین هه‌یه.”
شوفێره‌كه هه‌یكه‌لی چوارشانه‌ی خۆی هاویشتبووه سه‌ر فه‌رمان و ده‌گه‌ڵ هه‌ر سووڕانه‌وه‌یه‌ك به فیزێكه‌وه خۆی باده‌دا:
ـ جه‌مهووری؟
ده‌نگه بۆڕهكهی پشت سه‌رم گوتی:
ـ دابه‌زین هه‌یه.
چه‌ند كه‌س، هێشتا پاسه‌كه ته‌واو نه‌وه‌ستابوو، خۆیان فڕێ دا خواره‌وه و چه‌ند كه‌سی تر سه‌ركه‌وتن.
ئه‌رێ ئه‌و پاسه له كه‌یه‌وه وه‌ڕێ كه‌وتبوو؟ من له‌و خه‌و و بێدارییهی خۆمدا له‌وه ده‌چوو له بیرم كردبێ كه‌ی سوار بوومه و شوێنی دابه‌زینم كوێیه. تارمایی ئه‌و عاله‌مه به به‌ر چاومدا ده‌هاتن و ده‌چوون. من هیچ هه‌ستێكم نه‌بوو. نه سه‌رمام بوو نه گه‌رما، نه خه‌مبار نه دڵخۆش، نه تووڕه نه ترسا‌و، وه‌ك له نێو شه‌پۆلی بۆشاییدا مه‌له بكه‌م وا بوو. ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ كه شتێك وه‌ك ئازاری برسیه‌تی له هه‌ناومدا ده‌یلرفاند.
له پڕ به ده‌نگی شۆفیره‌كه ڕاچه‌نیم:
ـ ئازادی!!
مچوڕكێك به مۆغه‌ره‌ی پشتمدا وه سه‌ر كه‌وت و كه‌لله‌ی سه‌رم پڕ بوو له هیچ. هه‌رچی هێز و وزه‌ی هه‌مبوو خڕم كرده‌وه ناو باسكه‌كانم و تاقه‌تم دایه ئه‌ملاو ئه‌ولای كورسیه‌كه‌م، به‌ڵام هه‌رچی كردم نه‌متوانی له جێگای خۆم هه‌ستم.
كابرایه‌كی ڕه‌شتاڵه‌ی سمێڵبابڕ لێم هاته پێش. له نووكی پێمه‌وه تا ته‌وقی سه‌ر تێیڕوانیم. ئینجا شانی گرتم و چه‌ند جار ڕایته‌كاند. كه‌مێك ڕاما، پاشان به ده‌نگێكی یه‌كجار گڕ گوتی:
ـ انالله‌واناالیه‌راجعون.