قلم همنوردان

شەوێک لە چیای “داڵانپەڕ” 1402 – “چالاک کورده”

شەوێک لە چیای داڵانپەڕ

لە ماوەی ساڵێک و چوار مانگێک‌دا کە هاوڕێی یانەی شاخەوانی ئەورازم تامەزرۆی دیتن و سەرکەوتن بۆ چیای داڵانپەڕ بووم، بۆیە حەولی خۆم دا ئەو پڕۆگرامە لە خزمەت هاوڕێیانی یانەی ئەورازدا بم، گەشتی ئەو جارەمان بە دوو هۆکار بۆ من جیاواز بوو، سەرەتا ئەوەیکە حەزێکی زۆرم هەبوو بۆ سەرکەوتن بەسەر داڵانپەڕدا، دووهەم یەکەم‌جارم بوو لە گەشتی شەومانەوەی ئەورازدا بەشدار دەبووم، ڕۆژی پێنجشەمە کاتژمێر یەکی نێوڕۆیە لە مەهابادی سەربەرزەوە وەڕێکەوتین، بۆ گەیشتن بە شوێنی دیاری‌کراو سەرەتا شاری نەغەدەمان تێپەڕاند دواتر لە سێڕای شنۆیه بەڕەو ڕێگای ورمێ ڕۆیشتین دوای نیزیک سی کیلومیتر بە دیتنی تابڵۆی شێوەبڕۆ ڕێمان گۆڕی بەرەو مەرگەوەڕ و ئاوایی کانی سپی، ڕاژانەمان تێپەڕاند و کاتژمێر چواری ئێوارێ گەیشتنە دزێ لە داوێنی چیاکانی داڵانپەڕ و بۆزی‌سینا، لەوێ‌ڕا چووین بەرەو سوولەدووکەڵ و دوای گۆڕینی ماشێن سەرکەوتین بەرەو مێرگەڤاڵ و شوێنی مانەوەمان بۆ شەوێ، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شوێنانەی کە ماشین بە سەختی دەچێت، ئەوەیە کە سرووشتێکی دەست‌لێنەدراو و تایبەتی هەیە، سەرەتای ڕێگامان بۆ مێرگەفاڵ به دیتنی هەڵاتنی کەوێک دەستی پێ‌کرد شێوازی ڕۆیشتن و ڕاکردنی سرنجی حەموومانی ڕاکێشابوو، دوای چەند خولەکێک ڕێگابڕین بەسەر ڕەوەی ئەسپان‌دا کەوتین، زۆرم بیستبوو کە ئەو ناوچەیە ئەسپی بەڕەڵڵای لێیە و پێش‌تر زۆرم بیر لەوە کردبۆوە بڵەی تووشیان بێین؟ داوام لە پەیمانی هاوڕێم کرد ڕایگرێت و لێیان نیزیک بینەوە، هەرچەند بۆ لایان دەچووین دوورتر دەبوونەوە، بەڕاستی هەستم کرد لە ناو دڵی سرووشت‌داین و بیرم کردەوە تا سبەی ئێوارە بڕیارە چەند دیمەنی جوانی تر ببینین کە ببێتە هۆی ئاوپڕژێنی دڵ‌ودەروونمان؟
کەم‌تر لە نیو کاتژمێر گەیشتینە مێرگەفاڵ گۆڕایی‌یەکی سەرسەوز پڕئاو لە داوێنی داڵانپەڕ، لە گەرمای تاقەتپڕووکێنی ناو شاردا هاتبووینە شوێنێک کە لە ڕێکەوتی ۹ی پووشپەڕدا بەفری لێ مابوو و دوای تاوپەڕینێ ناچار بووین قەمسەڵە بپۆشین، ئەوە چێژێکی تایبەتی هەبوو کە دڵنیابووم لەگەڵ گەیشتنەوەم بۆ ناوشار بەردەوام ئاواتی بۆ دەخوازم.
لەگەڵ گەیشتنمان بۆ مێرگەفاڵ لە شوێنی دیاری‌کراو خەریک‌بووین بە هەڵدانی تاوڵ و ئامادەکردنی شامێ، پۆل پۆل لە هاوڕێیان خەریکی هەڵدانی تاوڵی هۆمید بوون، بۆ دەڵێم تاوڵی هومید چوون لە ڕاستی‌دا حەموو هیوامان هەبوو ئەو تاوڵانە لە سەرمای شەوێ بمان‌پارێزن،  یارمەتی‌کردنی یەکتر و گفت‌وگۆکردن بەشێک بوو لەو دیمەنانەی من چاوم پێی دەکەوت لە کاتی تاوڵ‌هەڵدان‌دا، تاوڵەکان جۆراوجۆر بوون هەندێک دەتگووت کۆشکن، هەندێک بچووک بەڵام لە کاتی سەرمادا بەهێز و خۆڕاگربوون، هەندێکیش ئاسایی بوون، ئەو جیاوازی چینایەتییەی لە شووقەکانی ناوشاردا دیارن لە تاوڵەکانی ئێمەش‌دا دەدیترا، هەندێکیش لە شاخەوانانی هاوڕێمان کرێچی بوون وەک ئێمە کە تاوڵمان بە ئەمانەت وەرگرتبوو.

ئێستا تاو پەڕیبوو، سەرما دەسهەڵاتداری خۆی دەست پێکردبوو، لەو ناوچەیە تاو لە داڵانپەڕ زووتر ئاوا دەبێت تاکوو بۆزی سینا، پەنامان برد بۆ جل‌وبەرگی کەرم و چایی‌ سازکردن تاکوو سەرما هێرشمان بۆ نەهێنێ، دوای خواردنی شام هاوڕێیان لە ناوەڕاستی تاوڵەکان لێک کۆبوونەوە بۆ گفت‌وگۆکردن و گاڵتەکردن و هەڵپەڕین تاکوو ئەو شەوە خۆشە لە داوێنی چیای سەربڵیندی داڵانپەڕ وەک شەوێکی تایبەت بەسەر بەرن و لە ناو لاپەڕەی بیرەوەرییەکانی ژیانمان‌دا بۆ هەمیشە تۆمار بکرێت، من لەو چەند جارەی شەوانە لە چیا ماومەتەوە ئەزموونێکم وەرگرتووه ئەویش ئەوەیە خواردنەوەی چایی لە شەودا چێژێکی تایبەتی هەیە و لێی تێر نابی، دواین چایی‌خواردنەوەمان نیزیک کاتژمێر یەکی شەوێ بوو و من و هاوڕێیانم بڕیارمان دا بنووین، چوونکێ بڕیار وابوو کاتژمێر پێنجی بەیانی هەستین و خۆ تەیار بکەین و بەرەو لووتکەی داڵانپەڕ سەرکەوین، شەوێ لە ناو تەوڵ‌دا دوو بەتانیمان ڕاخستبوو، قەمسەڵەیکم (کاپشین) لەبەر دابوو و پەتۆیەکیشم بەخۆم دادابوو، ڕەنگە بیربکەنەوە بۆ کیسەخەوم پێ‌نەبۆ؟ خەوتن لە کیسەخەودا دەڵەی منداڵی مەلۆتکەی منیش ئاوا تا بەیانی خەو بە چاوم‌دا نایە بۆیە بەتانیم هەڵبژاردبوو. “شەو دەڕوا بەڵام تامی مانگ لە گیان‌دا دەمێنێتەوە” (فەرەیدوون ئەرشەدی)

بەیانی بە دەنگی هاوڕێیانی یانە لە دەرەوەی تاوڵەکەمان پێش ئەوەی گزنگی هەتاو ترۆپکی چیا بنگێوێ لە خەو هەستام، چاوم لە کاتژمێری موبایلەکەم کرد دە دەقەی مابوو بۆ پێنجی لە چادر هاتمە دەرێ و بە ئاوی ساردی کانیاوی مێرگەفاڵ دم‌وچاوم زیندوو کردەوە، لەپڕ دیمەنی خۆرهەڵاتن حەمووانی سەرسام کرد، ئای لەو حەمۆ جوانییه، بازنەیەکی سوور لە پشت کێوێکەوە خەریکبوو سەری دێنا دەرێ، ئەوەی کە مرۆڤ لە ناو شار هەرگیز ناتوانی بیبینێ چ هەستێکی جیاوازم هەبوو پێم وایە تا ئەبەد

ئەو دیمەنە لە یادم‌دا وێنەی دەمێنێتەوە دوای خۆ تەیارکردن وەڕێکەوتین بەرەو لووتکە، لانی‌کەم نیوەی هاوڕێیان بۆ سەرکەوتن بەسەر داڵانپەڕدا هاتبوون، هاوڕێیانی تریش لە خوارەوە مانەوە، ئێستا خەریک‌بوو  لە ڕێگای گەیشتن بە یەکێک لە خولیاکانم بووم ئەویش دیتنی لووتکەی داڵانپەڕ، بەڵام بۆچی ئاوا تامەزرۆبووم؟ داڵانپەڕ هەڵکەوتووە لە نێوان سێ وڵاتی ئێران، عێڕاق و تورکیه، هەر لەو لووتکەڕا شاری شەمزینان لە باکوری کوردستان بەچاو دیارە، هەروەها زۆربەی چیا سەرکەشەکانی باکوور، ڕۆژهەڵات و باشوور دیارن، دەشتی پان‌وبەرینی مەرگەوەڕت لێ دیارە، ئەوانە وای‌کردبوو حەزم بۆ سەرکەوتن چەند هێندە بێت، لە ڕێی سەرکەوتنمان‌دا زۆر گروپ و دەستە و یانە و کەسمان دیت کە خەریکی سەرکەوتن بوون، لە زۆر شارانەوە هاتبوون، لە سنە، بۆکان، شنۆ، باکوری ئێرانێ، تاران و … هەرچەند ئاست و ڕادەی لێژایی چیای داڵانپەر کەمێک زۆرە بەڵام هەرچۆنێک بێت حەولیان دەدا ئەو ڕێگایە ببڕن، دوای نیزیک دوو کاتژمێر و نیو گەیشتینە لووتکەی داڵانپەڕ بە بەرزایی ۳٤٦٦ میتر لە ئاست زەریاوە، سەرەتا چووین ڕوو بە باکوور و شاری شەمزینان دانیشتین و پشوومان دا و چایی و میوەمان خوارد، دواتر هاوڕێیەکی کاک ئاڕش بە ناوی کاک جەوهەر هات کە ناوی چیاکانی دەرووپشتی بەباشی دەزانی داوامان لێ‌کرد کە بە ویدیۆ بۆمان تۆمار بکات و ئەویش بە دڵێکی گەورەوە داوای ئێمەی قەبووڵ کرد، لە چیای چیمەنەوە دەستی پێ‌کرد، پشت چیای چیمەن چیاکانی سێ‌قلۆس، سێ‌چوو، چیای چاڵ، دواتر بەرەو چەپ هات چیای گەڵێ بێنارێ، چیای بێنارێ، چیای زینەتێ بۆتان لە دوورەوە دیارە چیای چل مێری شەهیدانیش هەر وا دیسان بەرەو چەپ ناوچەی ناو شاری پێ دەڵێن و ئەو ماڵانەی دیارن شاری شەمزینانە لە پارێزگای حەکاری باکووری کوردستان چیای جیلۆ لە دوورەوە دیارە بەرزایی‌یەکەی نیزیک چوار هەزار میترە، هەروەها چارچەلێ هەرکیانیش لەوێیه، دواتر دیسان بەرەو چەپ چیای قەبری زاهیر و چیای دوو مزگەوت، دواتر چیای ڕەش لە باشووری کوردستانێ، دواتر چیای شەکیوی، دیسان بەرەو لای چەپ چیای مەمووری و چیای هەڵگورد و چیخی دەرێ و کێلەشین دواتر سپی ڕێز و دواتر چیای بۆزی‌سینا، ئەوە ناوی ئەو چیایانە بوو کە کاک جەوهەر نیشانی داین، لە داڵانپەڕەوە کە دەمڕوانی شاری شەمزینان دوو بابەت سرنجی ڕاکێشام، یەکەم ئەوە بوو کە لە دوای سنووری ئێران بەو لاوە دارستانێکی زۆر دیاربوون هەم لە دەشتایی‌یەکەی‌دا و هەم لە داوێنی چیاکان، بەڵام لە دیوی ئێران‌دا تەنانەت یەک داریش بەدی نەدەکرا، دووهەم ئەوەبوو کە خەڵکی شەمزینان شەو و ڕۆژ داڵانپەڕیان لەبەر چاوە بەڵام بۆیان نییه لێی سەرکەون و تەنیا لە دوورە دەبێ لێی بڕوانن، ئەوەیە هێزی سنوور کە مرۆڤ لە نیشتمانی خۆی جیا دەکاتەوە.
دوای وێنەکێشان و پشوودان داگەڕاینەوە بەرەو مێرگەفاڵ لە ڕێگای هاتنەوە خوارمان‌دا گۆمی مەزن یا گۆمی مام‌شێخ کە گۆمێکی گەورەیە لە داوێنی داڵانپەر لە دوورەوە خۆی دەنواندن و لە لای ڕاستیشەوە دەشتی مەرگەوەڕ و شارۆچکەی دزێ دیاربوون، دوای کەمتر لە کاتژمێرێک و نیزیک کاتژمێر دەی بەیانی گەیشتینەوە مێرگەفاڵ و لای تاوڵەکانمان، دیتم گروپێکی تر لە هاوڕێیانی یانەی ئەوراز‌ کە ڕۆژی هەینی وەڕێکەوتبوون گەیشتبوونە جێ و بە دیتنی هاوڕێکانم گەلێک دڵخۆش بووم و ئەوجار کەوتمە گێڕانەوەی شەوی ڕابردوو و گێڕانەوەی سەرکەوتنمان.
لە مێرگەفاڵ ماینەوە تاکوو کاتژمێر سێ‌ونیوی نێوڕۆیە دواتر داگەڕاین بەرەو سوولەدووکەڵ من بە ماشێنی خۆمان ڕۆیشتم و هاوڕێیانم بەجێ هێشت کە بڕیار بوو بە مینی‌بووسەکان بێنەوە.لە هەر جێیەک چیا ببینم
دڵم،
وەک لە ژوانی یەکەمم‌دا
دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ
سەرسام دەوەستم لە بنیا…
وا تێ‌دەگەم،
لە چیای من‌ڕا دەست پێ‌دەکەن
چیاکانی هەموو دنیا…پەشێوبە قەڵەمی هاوڕێی شاخەوان چالاک کورده


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *