سەرکەوتنی لووتکەی “چل مێری شەهیدان” 15 و 16 ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی
صعود قله “چهل میر شهیدان” 15 و 16 مرداد 1405
لە رۆژئاوای باشووری ورمێ و گوندی خۊشاکوو، چل مێر بە بەرزی ٣٥٥٠ میتر لە ئاستی دەریا …

چل مێری شەهیدان
لە مەڵبەندی تەڕگەوەر چۆمی سیلوانا لە دۆڵی جێرمێ سەرچاوە دەگرێ وێڕای لقەکانی سوولەدوکەڵ ، مێرگە زیارەت و چریکاوا و بینار ، تێکەڵ دەبن و بە هۆی بەنداوی سیلوانا پاشکۆیەکی زۆری ێاوی خواردنەوەی شاری ورمێ گل دەدەنەوە.
دۆڵی جێرمێ دوو گوندی بێتکار و جێرمێ لە خۆ دەگرێ کە بەداخەوە لە ساڵەکانی دەییەی ٦٠ چۆل و خاپوور کراون .
خەڵکی جووت بەندە و مەڕداری ناوچە بۆ هاوینە هەوار و خڕ کردنەوەی بەڕوو بۆی حاسڵ و باخات و داچناویان لە نێوە ڕاستی بەهار تا یەکەم مانگی پاییز وار و هەواریان هەڵدەدەن و پاشان دەڕۆنەوە ، وڵات چۆل و بێ دەنگ بەجیێ دەمێنێ تا بەهارێکی دیکە.
٢. هەوایەکی خۆش، دیمەن و روانگێکی جوان، سروشتێکی نەشەمزاوو بە دەستی مرۆڤ و پێشکەوتوویی ،خەڵکێکی میوانگر و نان خۆش، کاسب و ماندوونەناس ، لە پاڵ چل مێر یەکیان گرتۆتەوە .
چل مێر هەڵۆ ئاسا وەک دیدەبانێکی نەترس و خورد و زیرەک دەڕوانێتە دۆڵێ .
لە رۆژئاوای باشووری ورمێ و گوندی خۊشاکوو، چل مێر بە بەرزی ٣٥٥٠ میتر لە ئاستی دەریا، لە لێواری سنووری دەستکردی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردوستان بە سینگی ئاوەڵا بۆ رنوو و کەوییە بەفر و میوانان خۆ دەنوێنێ .
لە بەرزایی ٣٣٣٠ میتری بەرپاڵی لووتکە گۆڕەپان و پانتایەکی دڵڕفێن و سەرسەوز بە دیار دەکەویێ کە وارشێکی نزم لە دەوری کۆمەڵێک گلکۆ کێشراوە، بەردهاوێژێک دوورتر دیواری ژوورێکی بڵێندی پاردەکراوی ویشکە بەردی بێ میچی و دارەڕا بە ناوی مزگەوت بە جێ ماوی مێژوو بەدیار دەکەویی.
ناوبانگی چیا بەو مەزار و گلکۆ یانەیە ، بۆ خەڵکی ئەو مەڵبەندە شۆنێکی پیرۆز و جێگای راز و نیازه بایەخێکی تایبەتی هەیە ، کە چل مێرەکەی لە ناژتراوە .
٣. وتەکان دەڵێن ,: ئەو شەهیدانە لە ئەسحابە و یارانی پێغەمبەرن( د. س)
هێندێک دەڵێن : شەهیدان، موسوڵمانی شەڕی جیلۆ و ئەرمەنێکانن.
لەسەر لوتکە چل مێر بەرەو باشور دۆڵ و دەرێکی ئاوەدان و بەرفرەوان بەدیار دەکەوەیێ، و رۆژئاوای دۆڵی شاری شەمدینان یا شەمزینان لە نێو لێرەوارێکی سەرسەوز و چووغر بەدیی دەکرێ کە چۆمێکی گەورە بە نێویدا تێدەپەڕێ .
رۆژهەڵاتی باشووری چل مێر چیایی هەڵان و پشتی ئەو چیایی داڵانپەر بە دووری ١٠ بۆ ١٥ KM دەبینرێ ، ڕۆژهەڵاتی چل مێر چیایی خەلیل ە کە نێوانی مەرگەوەڕ و تەرگەوەرێ دەکا ، باکوور ، چیایی سێ سوو کەوتۆتە مابەینی جێرمێ و خۆشاکوو ، باکووری ڕۆژئاوا بە چیاکانی ستارەی لەوەند و چاڵ حسار کراوە ، چوار دەوری چل مێر بە کێوە بەرزەکانی سەرەوەی ٣٠٠٠ متیر گەمارۆ دراوە.
٤. چەند پەڵە ڵێڕەواری داری سەر و گاژ بە شە و فێنکی کەشی دەریایی نێوەڕاست ( اب و هوای مدیترانەای) بە بارشتی زستانی پڕ بەفر و بەهاری تەڕە ساڵ لەو بەرەو بەری جێرمی رەگیان داکوتاوە. لێرە سەر تای زاگرۆس ئێتر چاوت بە بەڕوو دارن ناکەوێ و سەر و گاژ جێگایان گرتۆتەوە ، تاڵە سێو و کێوژ بەڵالووک و شیلان ، هەنجیر و ترێ ، هەڵکەوتەکانی زاگرۆسە بەدەوری کاژانەوە دەبینی ، دڵنیات دەکا هەر زاگرۆسە .
دۆڵ و خڕی پڕ ئاو ، رژد و هەڵەمووت ، حاسؽ و نینۆک شکێن ، بژوێن و خۆش لەوەڕ ، دار و دەوەن و لێڕی چڕ ، مەکۆی باڵدار و کێوی ، رەوک و شیناوەردە .
بزن و کەڵە کێوی ، ورچ و گورگ ، رێویی و دەڵەک ، کەو دەری و خاسە کەو ، پەڕکوور و باز و هەڵۆ ، کۆتر و بولبول و چوڕە و هەورێردە، مار و مێروو و مێش و هەزاران جڕ و جانەوەری دیکەی لێ گیرساوەتەوە.
گەشتێکی شاخەوانی وێڕای ١١ هاوڕێی یانەی ئەورازی مەهاباد بۆ چیایی چل مێری شەهیدان ، لە دەراویی چۆمێ تا لووتکە ٦ کات ژمێر و گەڕانەوە ٤ کات ژمێری مام ناوەند ڕێگا دەبێ ببڕی.
سپاس بۆ هاوڕێیانی بەشدار بوو
سمایل قززاق- ١٥ و ١٦ ی گەلاوێژی ١٤٠٥