جاریوایە شێعر نایە
وشە زیزە و لێم دەتۆرێ
جاریوایە قەڵەم دەشکێ
هەستی شێعراویم دەگۆڕێ
جاریوایە کۆتایی دێ
جەوهەری نێو بەحری خەیاڵ
جاریوایە سووکنایی دێ
هەستی شێعر دەبێ بەتاڵ
تامی شێعر دەبێ بە تاڵ
هەمووی شێعر دەبێ بە تاڵ
تاڵێک لە مووی سەری چاوکاڵ
جاریوایە کە بۆم نایە
شێعر بە ڕۆژ بە مانگ بە ساڵ
قامکەکانم تووڕە دەبن
لە من دەکەونە گاڵەگاڵ
بەڵام کاتێک تۆ بەدی کەم
زریانم دەبێتە شەماڵ
شێعرەکەم دەگاتە کەماڵ
ناحەزیم دەبێتە جەماڵ
جەوهەری قەڵەم خوڕەی دێ
وەکوو تاڤگەیەک گوڕەی دێ
بەسەر گوێی پەڕی کاغەز دا
خودای جوانی دەقاسپێنێ
بەسەر چی شتی ناحەز دا
تاکوو دیتم شێعر نایە
وەرە جوانێ وەرە ژوانێ
ڕووخسارت لەمن وەدیار خە
هەتاکوو ببییە هەوێنی
شێعر و ساڕێژی دەردی من
ببییە ژیلەمۆ و گڕی سوور
بۆ ئاهی ناخی سەردی من
١٤٠١/١٠/٢٦ – شەهریار پاشائی