قلم همنوردان

تاڤگەی “خەرپاپ” لە ڕێگای “تازەقەڵا” وه – “شادی خسروی”

پێش ئەوەی گزنگی خۆر دەست بەسەر ڕوومەتی چیادا بێنێت ئێمە وەڕێ کەوتین، لە پەنجەرەی مینی باسەکەوە دەڕوانمە ئەو کێوانە، ئەوە قەندیلی بە هەیبەتە وەدەر کەوت بەفر وەک گەوهەرێک لەسەر ئاڵتوونی کێوی قەندیل ئەدرەوشێتەوەو تروسکەی دێ و تیشکی هیوا دەخاتە دڵمەوە.

“خۆ من لە بۆت هەڵدەڵێم بە قەندیلە گچکەی مامە کۆیان
دەیکوت هەتا بەفری نوێم لێ دەبارێ ئی کۆنم لێ ماوە!”

٩ی بەیانییە ئاوایی تازەقەڵا!
بەهارە، دەشت و چیا شینە، لاسکی ناسکی گوڵەکان بە دەم شنەی شەماڵەوە دەلەرێنەوە، هێشتا کاتژمێرێکمان ڕێگا نەبڕیبوو هەنگاوەکان خاو بوونەوە، کوڕێکی باریکەلە، بە دوو کۆڵەپشتیان بە لارەوەلارەوە دێ ئارەق لە نێوچاوانی دەتکێ هەر لە جێی خۆیەوە دادەنیشێ تاوێک دەحەسێتەوە پاشان قومقومەکەی دەست دەداتێ، بە ئاوی ئەو کانییە وەک بنجەگیایەکی دوورەئاو دەگەشێتەوە.
تێپەڕین بە نێو دارستان و دارگوێزانەدا، ئەو چیا و دۆڵە جوانەی بەرامبەرمان،ئەو دارانەی لکی بەرزیان زەردی خۆری تێ زاوە و بوونە میوانی جریوەی باڵندەکان، شنەی با، گوڵ شیلان و پەپوولەکانی هاوڕێی هەستی دڵدارێکت دەداتێ کە هاتبێتە ئامێزی خۆشەویستەکەی.
تەنیا دەنگێک کە لەو سروشتە جوانە دێ دەنگی هەنگاوەکانی ماندووی ئێمە، هاڕەی ماتۆڕ و کەسێکە کە تاونەتاوێ دەپرسێ زۆرمان ماوە؟
کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆیە ڕێگایەکی زۆرمان بڕیوە، ماندووین، چەن ساتێک لە ژێر سێبەری ئەو دارانە دەحەسێینەوە، بەڵام تامەزرۆی دیتنی تاڤگەین، من یەکەم جارم بوو دەهاتم و هیچ وشەیەک شک نابەم بتوانێ جوانی ئەو تاڤگەیە وەسف بکات، هەستی دیتنی شاکارێکی هوونەری بێنە بەرچاوت!
ئاوی ئەو تاڤگە جوانە لە کوێستانەکانی ناوچە سەرچاوە دەگرێ و پاشان دەچێتەوە بەنداوی دووکان لە باشووری کوردستان.
دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ هەموومان لە شوێنێک کۆ دەبینەوە!
کاک فەرید باسی محەممەدی ئەوراز دەکا ، قارەمانی کورد، تێکۆشەرێک کە سەرەڕای سەختی و چەڵەمەکانی ژیان، توانی چەندین لووتکەی بەرزی دنیا بێ کەپسولی ئۆکسجین ببەزێنێ، دوای ئەوە کاک هادی فێری کردین کاتێک کەسێک مار پێوەی دەدا دەبێ چ کارێکی بۆ بکەین.
گەشتەکە بە تۆمار کردنی وێنەیەک کۆتایی هات و کاتی گەڕانەوە هاتووە، بۆ ئاوا زوو!
هەر بەو ڕێگایەی هاتووین دەگەڕێینەوە، بە دڵێکی خەمینەوە لە جێهێشتنی ئەو هەموو جوانییە.

بە قەلەمی ڕێز دار خاتوو شادی خوسرەوی


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *