قلم همنوردان, کوه نوردی

سەرکەوتن بۆ سەر لووتکەی،”سەن بۆڕان”ی ئۆشتەرانکووە (20 – 22 پووشپه ری 1403)

ڕاپۆڕتێک لە ڕوانگەی شاخەوانێکی بە ئازموون بۆ سەرکەوتنێک بە سەر لووتکەی  کەژێکی چڕ وبەناوبانگ
  هەوڵی بۆ دەدەیی ،خۆی بۆ ماندوو دەکەی، بۆ وه یی دەست لە زۆر شت هەڵدەگری، تا بە ئاوات بگەی، کە گەیشتێ ئامانج، کۆرپەی  بزۆزی دەروون ئۆقرە دەگرێ ، دە حەسێیەوە و هەست بە شانازی ‌دەکەی و زەحمەت بە خەسارنەبووی.

سەرکەوتن بۆ سەر لووتکەی،”سەن بۆڕان”ی ئۆشتەرانکووە

(20 – 22 پووشپه ری 1403)
بەرەو لوتکەی سەنبڕان  لە شاری دووڕوود. نوێژی نیوەڕۆ دەکەوینە ڕێ ، تین ، گەرما ، بڵێسەی دەدا بایەکی لە باکوورەوە دێ گەرم و تاقەت بڕە ، دۆڵێکی وشک و قاقڕ ، پڕ لەبەردی تیژ و زەلام و خیزی  درشت و ورد، گاشەی خێچ و خوار و نا تەرز و نالێک . ڕێچکەیەک بە ناو بەردەڵان ، خڕکە بەرد، گوێنی ، تیرۆ ، زریشکان بە دۆڵێکی گەرم و ویشک دا تێدەپەڕێ، ڕەوەز و ماهی سەخت لەوبەر و بەری خڕێ دیواریان کردووە ، بەر دیواری ڕەوەزان و لاخڕان، خیز ، خزۆک ، ڕووخەک ، ورتکە بەرد تا نێو دۆڵی گەورەی داگرتووە ، تاقەت پڕوکێنە ، بڕست بڕە ، سەرتاپا ئازای بەدەنم شەتڵی ئارەق بووە ، شەقاوەکان ورد و قایم بەرەو بنی دۆڵێ دەنێن ، لەو چۆلگە ویشک و چۆلەوارە لەبن گابەردێک بە سەر کانیاوێکی ڕوون ، سارد ، سەرتەزێن و بێ غەور دا کەوتین.
ئاوە ڕوون کەی پاش چەند شەقاوێک ماتەی لە نێو خیز و بەردان دەگرت و خۆی لە بڵێسەی تیشکی ڕۆژی ون دەکرد، قومقومە ، مەتارە و تۆنگان پڕ دەکەین دڕێژە بە ڕێگا دەدەین ، تا پتر هەڵدەکشێن ڕێگا ڕژدتر، هەوراز سەخت  ، سینەکێش و پشووبڕ تر دەبێ، لە گەوەیەک ئاوا بووین ، لە سەر شانە باسکێکی دوور و درێژ  بە دووی تولە ماری ڕێچکە ، هێور ، هێور، بە ئسپایی بەرەو بڵیند و ڕژدێکی ڕێبوار پسێن ، سۆگە و گۆڕکی بن پەسار لە حەساری لوتکە ڕێگە دەبڕین ، ڕۆژمان دڕەنگ کردووە ، خۆری دەم زەردەپەڕ کەلێنمان لێ دەگرێ، سێبەرەکان لەبەریەک کشاونەوە ، تا پتر هەڵکشێین و پێ هەڵابچین گەرما کز و بێ دەستەڵاتر دەبێ سێبەری شاخان ، ئەندامی شەڵاڵی ئارەقە و پشووی با بە یەکەوە فینکێکی خۆشت وەسەر دەگێڕن ، وەستان ، حەسانەوە ، ئاو خواردن ، پشوودان ، تام و چێژ لەئاوێ دەکەی ، بە تەواوی هێزەوە ڕێگە نادەی دڵۆپێکی بڕژێ یا بە لاشێویلکە دا بێتە خوار ، بە قەدر بووە ، هەر قومێکی لە ئەوکت دەچێتە خوار ، هەست دەکەی جەستەی ماندوو خۆش دەکا، وەک دەبان بەقایشی دا بێنن و  مشت و ماڵی بدەن دەت بووژێنێتەوە ، بە وتەی لاوان  ‌‌شارژت دەکا .
پاش  حەوت کات ژمێر ڕێگا بڕینی چەتوون  دەکەوینە پانتایی و گۆڕکی پڕ کەند و لەند و قووڵی پڕ بەفر ڕەنوو حەسارێ .
کۆڵ و باران دەخەین ، پۆتینان لە  پێ دەکەین ، لاق ڕادەکێشین ، سێرە هەڵگیراوە ، پاشماوەی و کۆتایی ئاخرین تیشکەکانی خۆڕ لە سۆگەی ڕۆژ ئاوا لە پشت چیا بەرزەکان لە چاوان ون دەبێ ، کۆڕێکی گەرم، جەوو و هەوایەکی کوێستانی و فێنک لە دوای گەرمای ڕۆژێ لە ژێر ڕەشماڵی ڕەش و ئەستووری شەو دەبێتە خانە خێوێمان.
خەو، گورگە خەوی شەویێ ، ماسوولکە و دەماران وەک مێو و ڕۆنی لێدەکەن.
دەمێکە سیوادی هەڵداوە ، کازیوە ئەنگوتۆ ، گزینگ دوندی لوتکانی ئەنگاوتووە ، خێڵی شەو چادر و چیغی هەڵ پەساردووە، خۆتەیار دەکەین ، کاڵە و گۆریان هەڵدەکێشین ، بەرەو لوتکە ملی ڕێیە دەگرین ، شاخی چڕ و ڕژد و نینۆک شکێن ، ڕێگای پڕ خیز و ورتکە بەرد و خزۆک ، باسکە تەلان و بەرداویی و حاسێ ، خوارەو پێچە و فیچقی ڕێگا  لە گەڵ خۆی رامان دەکێشێ بەرەو لووتکە.

دڵنیام هەموو سەرکەوتنێک ،
هەوڵی بۆ دەدەیی ،خۆی بۆ ماندوو دەکەی، بۆ وه یی دەست لە زۆر شت هەڵدەگری، تا بە ئاوات بگەی، کە گەیشتێ ئامانج، کۆرپەی  بزۆزی دەروون ئۆقرە دەگرێ ، دە حەسێیەوە و هەست بە شانازی ‌دەکەی و زەحمەت بە خەسارنەبووی.
گەیشتینە ترۆپک و لوتکە پڕی سێکان هەوای بێ غەوشی کوێستانمان هەڵمژت ،دیمەنی جوانی کێوە  بڵیندەدوور و نیزیک لە ئاستمان وەدەرکەوتن  و گۆلی مەزنی( گەهەر) ن  لە ژیر پێی خۆ دی، ماندوویی و شەکەتی و بێ بڕستی وەک داوستانی بەرەبەیان بە یەکەم تیشک ، خۆڕ تێکی وەدەپێچێ و لە لەشمانی دەڕەوێنێ  و ئازار وژانەکانی جەستە بوونە هەڵم و نەمان

پێشکەش بەو هاوڕێیانەی 20 تا 22ی پوشپەڕی 1403 لە کێوی سەنبڕان لە گەڵیان بووم
سماییل قەززاق 22ی پووشپەڕ

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *