برنامە نێڵان – ئەشکەوتان ١٧ی خاکەڵێوەێ ١٤٠٢ هەتاوی
سەخڵەتی زستان و سۆزی سەرما زیاتر چاوەڕوانی هاتنی بەهارت دەکا، هەرچەند زستانی ئەوساڵ نە زۆر سارد بوو نە وەک زستان دەچوو، بەڵام لە هەرحاڵدا هیچ لە تام و چێژی هاتنی بەهار و ژیانەوەی سروشت کەم نەبووە. بەهار هاتووە و هەر وەک مامۆستا هەژار دەفەرموێ:
فـــەرمان درا بە ســـەوزە سەرهەڵێنێ
چی دی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ
زەوی ڕەش دەبێتەوە و سەوزە سەر دەردێنێ و زستان و بەفر وردە وردە ئاسەواری نامێنێ، لە چلۆن کەشوهەوایەکدا و لەو کاتە لە ساڵ و سەرەتای خاکەلێوە چ لەوەی خۆشتر کە تێکەڵ بە سروشت ببینەوە؟ بۆیە دوای ماوەیەکی زۆر بڕیارم دا وێڕای بنەماڵەی ئەورازی خۆشەویست لە ڕۆژی هەینیدا بەشداری سەفەری نێڵان و ئەشکەوتان بم. وەک هەموو جارانی پێشوو بەیانی زوو لە خەو ڕاستبوومەوە و خۆم گەیاندە ماشێنەکان و وەڕێکەوتین، هەر لە سەرەتای بەیانییەوە دیمەنی سروشت دڵی ڕێبوار ئاوپڕژێن دەکا، دوای ماوەیەک ڕێگابڕین گەیشتینە نێڵان، جگە لە داوێنەکان هێشتا بەفر هەر وا خۆی بە سەر زەویدا کێشاوە، بەڵام تینی هەتاو و شنەی شەماڵ هێرشیان هێناوە و بەرە بەرە خەریکە دەیتوێنەوە.
شەماڵ دەستم دامێنت وەرە ڕۆژ ڕۆژی تۆیە
سەرمی زستانت ڕاونا، بەستەڵەک ڕەنجەڕۆیە
دیمەنی توانەوەی بەفر و ژیانەوەی کانیاو و خڕۆشی چۆم لە داوێنی لەندی شێخان و قەڵاتی شای هێن سرنجڕاکێش بوو کە زۆرینەی هاوڕێیان موبایل بەدەست خەریکی وێنەگرتن بوون. ڕێگامان دژوار نەبوو، هەر ئەوەش وایکرد هەم کاتێکی زۆرترمان هەبێ و هەمیش زیاتر چێژ لەم سروشتە بێوێنە ببینین. دەنگی بولبولی سەرمەست تێکەڵ بە هاژەی ڕووبار تەنیا لە ناو دڵی سروشتدا بەردەستە و مرۆڤ دەتوانێ چێژی لێ ببینی، فەرشی سەوزی چیمەن خۆی بە داوینی چیادا ڕاکێشاوە و هەنگاوەکانی ئێمە شەقیان دەشکێنی. ئەوەی لە داوێنی قەڵاتی شا بوو بە مایەی دڵگرانی ئێمە دەستدرێژی بۆ سروشتی ناوچەکە و داگیرکردنی مەڕتەحی خوارەوەی ئەشکەوتان بوو کە دەرگایەکی گەورەیان تێکردبوو و قوفڵێکی زەلامیان لێدابوو، تەبیعەتی دەسەڵات لە وڵاتانی جیهان سێهەم بەو جۆرەیە، کەسانێک کە دەسەڵاتیان هەبێ مرۆڤ سەهلە ڕوحم بە دار و بەردی وڵاتەکەشیان ناکەن بەڵام تا سەر ئاوا نامێنێ، بە قەولی شاعیری مەزن دەفەرموێ:
ســـەهۆڵبەندانــی بێــدادی ئەگـەرچــی تــووش و دژوارە
بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لە دووی زستان.