شیلان ئاویی تا ئەشکەوتی بەرڕۆژی قزڵجە
پاییزە : زردێکی زێڕین , زردێکی جوان و دڵگیر و کاڵ , وەک گوڵە بەڕۆژە , چەشنی خاڵەکانی بووکەکانی وەک ئاڵتوونی سەر سنگی شۆخێکی جوان و چەلەنگ , گەشتر لە موورویی کارەبا دایپۆشیوە دەشت و دەر و نواڵە و پەرێز و گیادروو و لەوەڕگە , شە, تەڕایی , خاویی پاش بەختە باران دڕک و داڵ و پێ کوڵکە , نووسەکە ,چاو زەقە ,گوینی , کیفاری خاو کول کردووە .
گیا و گۆڵی وشک بوو لار و لە پەڕین بوونەوە .
ئاسمانی سپی ڕۆژ چڵکە هەور دایپۆشیوە , نەرمەزریانێکی سارد دەم و چاو دەئەنگێویێ ,
شیلان ئاویی لە کۆڵانی بەر ماڵەکەی ماموستا هێمن تێپەڕین گورگ ئاوڕێکم داوە گردەکەی بەرماڵانم هاتە بەرچاو ئەو شوێنەی ماموستا بو رزگاری لە خەم و ئازارەکانی پەنایی بۆ دەبرد و لە سەر پشت ڕادەکشا و لە ئەستێرە بە جریوەکانی کاکێشانی ڕا دەما
بەرەو ژور بووین خڕ و لاخڕ, گەوە , زیندوو,باسک ,گۆڕ ,پانتایی,نەویایی,دۆڵ,نشێو,ڵاپاڵ و قەد مێرگ و کانی و شێخاڵ و شێتر و بەیار و زەویی و سور کێل و جار و حەوشە و کۆز و بەردەبێر و جی هەوار و باخ و بێستان و پەرژین و پاردەمان تێپەڕاند .
سێوە سوور و زەرد و ئاڵەکان بە درێژایی دۆڵی قەیسەریان مەسکەن و ڕاوگەی خوالێخۆش بوو مام ڕەزاق شۆڕە سواری نان خۆش و میوان گر بە لەرینی گەڵای داران چاوە بڕکێنی ڕێبواریان دەکەن پڕی چەنگن ئاودار و تورد دەنگی شەقەی قاش بوونیان بە دەم و زاری ماندووان سواری لەبەر دەڕەوێتەوە.
هەنگ بڕەویان نەماوە هەستیاری گەرم داهاتنی ڕۆژن مار و مارمێلکە و سەرمازەڵە لە سەر بەردی خۆیان هەڵخستووە تا تیشکی تازە دەرکەوتووی ژیر پەڵە هەوران گوڕ و تینیان دە دەمار بمرێنێ
قاسپە و غوڕەی خاسەکەوێ بەڵێنێ تێکەوە پێچانی هەوار و سەفەری کەوڕەوێی لە زرد و ماە دەنگ دەداتەوە
سروشت ژینگە بە ڕەنگی زەرد خۆی خەمڵاندووە و رادەگەینێ ئەو جار دەبێتە مەیدانی شەڕانخویی ڕەشەبا و گێژەلووکە ڕاو ڕاوێنی شەماڵ و ڕریان و بەختەباران و خوناکە و جێ خۆشکەری بارانی پەڵە ببن
بەڵێ ڕۆژێکی دیکە و وەرزێکی دیکە کۆچ و باخانیان لێنا ڵاپەڕەیەکی دیکەی تەمەن هەڵدراییەوە
پاییزێکم گەیوەتێ لە سەران دەدا لە سوێسنان لە هەڵالان لە پێدەشتان لە کاریتەی دە ڕەشەریحانی ئاخ چ پاییزێکم لی ڕادەبوو …… ( حەیرانی پاییزە)