قلم همنوردان, کوه پیمایی

گەشتێکی پاییزی بۆ ناوچەی نەڵێنێ – “چالاک کورده”

گەشتێکی پاییزی بۆ ناوچەی نەڵێنێ

ئێرە نیشتمانی منە، شوێنێک کە من لە هەڵبژاردنی‌ سەرەتایی‌دا هیچ ڕۆڵێکم نەبووە، لە شاری مەهاباد و لە ناو خاکی کوردستان لە دایک‌ بووم، کوردستان بوو بە نیشتمانی من.
دەکرا یاخۆ دەکرێ باروبەندیلی ژیانم بپێچمەوە ڕوو لە هەندەران بکەم، ئەو نیشمانە بکەم بە بیرەوەری و وڵاتێکی تر و شوێنێکی تر وەک نیشتمان دەستنیشان بکەم. ڕەنگە بۆ جارێکیش بێ بیرم لەو بابەتە کردبێتەوە، بەڵام لە کۆتایی‌دا قەناعەتم پێ هاتووە کە ئەو نیشتمانەی کە لێی لە دایک بووم سەرەڕای حەموو کەم‌وکوورتی و گیروگرفتی دەستکرد، گونجاوترین و خۆش‌ترین و ڕێک‌وپێک‌ترین شوێنە بۆ ژیان‌کردن، لانی کەم لای من وایە.
کلتوورێک کە لە دوای مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە، بۆمان بەجێ ماوە، ئێمەی وەک مرۆڤێکی تایبەت بە خووخدەی تایبەتەوە، بارهێناوە کە گونجاوە لەگەڵ شوێنی ژیانمان و ئەو کۆمەڵگایەی ژیانی تێ‌دا دەکەین، نیشتمانێک بە جوگرافیایەکی تایبتەوە، چوار وەرزی تایبەت، دەیان بەرهەمی خۆڕسک کە ڕەنگە لە زۆر شوێنی تر نەتوانین بیان‌دۆزینەوە و چێژیان لێ ببینین، بوونی هاوڕێیان و هاوزمانیان و هاونیشتمانی‌گەلێک کە بوونیان خۆی سەرمایەیەکی بەنرخە و دەکرێ پشتیان پێ‌بسپێری. کورتی کەمەوە بە قەولی کورد دەڵێ: “کەڵ بە مەوتەن شەڕ دەکا” و “بەرد لەجێی خۆی‌دا سەنگینە”، منیش پێم وایە لێرە چالاک و لێرەش دەتوانم بەکەڵک بم و بەدڵنیایی‌شەوە ئەو نیشتمانە جوانە لە هیچکۆ دەستم ناکەوێتەوە، چوونکە ژیان تەنیا پارە و لێکدانی پێکی مەشرووب لە کازینۆیەکی وڵاتانی ئیسکاندیناوی کە بەشێکی ژیانم تەنیا لە سەرمادا بێ یاخۆ لە شەقامی شانزە لیزەی پاریس کە تەنیا پڕۆپاگندایی ڕاگەیاندنەکان وای کردووە کە ئێمە هەست بکەین ئەو شوێنە بێ‌وێنەیە، نییە، ئەویش ئەگەر پێت ببڕێ و باغەڵت ئەوەندە پڕ بێت کە بتوانی پێی بگەی ئەویش ڕەنگە ساڵێ چەند جارێک، دەنا ڕەنگە لە نیشتمانێکی تر تەنیا ببین بە کۆیلەیەک لە خزمەت بەرژەوەندی کەسانێک کە نە خۆیان نە مێژوو و کلتوور و زمانیان ناسیاوی ئێمە نین و وەکوو ڕۆباتێک لە کەڕی بەیانێوە تاکوو درەنگانی ئێوارێ هەڵات هەڵات بکەین کە بتوانین ساڵێ چەند جارێک دەرفەتمان هەبێت بچین لە دڵی سرووشتەوە چێژ ببینین و بحەسێینەوە. ئیتر چۆن دەکرێ ئەو حەموو جوانی و ڕەنگاوڕەنگی و هەوای بلاوێن و ئاوی خاوێنی وەڵا بنێم و بیکەم بە بیرەوەری!

ئێستا مینی‌بووس‌ دوای و نیزیک بە دوو کاتژمێر ڕێ‌بڕین لە قاوەخانەی گوێزان ڕایگرتووه و دابەزیوین نان‌وچایی بەیانی بخۆین، قاوەخانەی گوێزان و قاوەخانەی قووڵەسمۆرە دوو قاوەخانەن لە نیزیک یەکتری لە ڕێگای سەردەشت و مەهاباد دوای تێپەڕاندنی پاسگای زمزیران و خولێربوونەوە بەرەو ڕەبەت لەسەر ڕێگایە هەڵکەوتوون، من و هاوڕێکانم بڕیارمان دا ڕیزێک پیلکان ببڕین و قاتێک بچینە سەرەوە و لەسەر ئەو زابە دەستکردانەی بە سیمان سواغ کراون دانیشین، دانیشتن لەبەر سێبەری دارەگوێز و بەرامبەر بە دیمەنی دارستان و دەنگی خوڕەی ڕژانەخواری کانی بەناو دۆڵی کێوێک کە داپۆشراوە بە درەخت و تەواو سەوز دەنوێنێ و خواردنی نان‌وچایی ڕەنگە بۆ زۆر کەس لەو جیهانە خەونێک بێت کە بەدی‌هاتنی ئاسان نەبێ، بەڵام ئەوە ئێستا ئێمە ئاسان پێی گەیشتووین و لەگەڵ ڕیزی هاوڕێیان خەریکین بە جەفەنگ و پێکەنین و جار جاریش قاقاکێشان، نان‌وچایی بەیانیمان دەخۆین.
ناکرێ لە دیمەنێکی وەک قاوەخانەی گوێزان و دارستانەکەی میوان بێ و چەند ڕەسمێک بۆ بیرەوەری و خۆڕانانی سەر ئینستاگڕام نەگری! دوای وێنەگرتن، سواری مینی‌بووس بووینەوە بەرەو گڕاوان کەوتنینە ڕێ، ئەم ڕێگایە، سرنج ڕادەکێشت دەڵەی قسەیەکی پێیە بۆ گووتن و خەریکە دەتدوێنێ، ناکرێ لێی غافل بی و چاوتی لە سەر هەڵگری حەزت دەخاتە دڵی کە ئێستا لە ماشێن دابەزی و بچی ناو دڵی ئەو حەمۆ جوانییە و خاڵ بە خاڵی بپشکنی، دارەکان بەرەبەرە سەوزایی ڕوویان لێ وەردەسووڕێنێت و خەریکە خەزان بەسەریان‌دا دەکشێت و سازیان دەکات بۆ خەوێکی قوورس، لەشکری سەرما هێرشی بۆ هێناون و چی تر تاوی خۆڕاگریان لە لەش‌دا نەماوە و پێ‌دەچێت بەم زووانە ئاش‌بەتاڵی ڕابگەیەنن و گەڵا لە خۆیان داڕمێنن و کرنۆش بەرن بۆ پاشایەتی زستان. گەیشتینە گڕاوان، دیمەنێک کە لە دوورەوە خووڵقت دەکا جوانی ئەو تاشەبەردەیە کە بەپێی سەدان ساڵ لە ژێر کاریگەری ئەو ئاوەدا ساز بووە و دەیان ڕەنگ دەنوێنێ، لە سەر تاشەبەردەکەی ڕاوەستاوین، کاک سمایل لێمان دەپرسێت، گڕاوان مانای چییە، بیری لێ دەکەمەوە و شتێکی وام بۆ ناگووترێ، تەنیا لە وڵام‌دا گووتم لە گڕکان نیزیکە، وتی بۆچووی بەڵام نەتپێکا، خۆی لە وڵام‌دا فەرمووی گڕاوان واتە گڕ+ئاو  بەو مانەیە ئاوێک کە بەتینە و هەڵدەقووڵێ، ئەوەش بەشێکە لە دەوڵەمەندی زمانی کوردی و نیشانەیەکیشە لەوەی کە زمانی کوردی لە ڕابردوودا چۆن وڵامدەری تەواوی ئەو شتانە بووە کە لە ژیانی ڕۆژانەی ئاخێونەرانی‌دا بوونیان هەبووە.

ئامانج لە سەردانی گڕاوان تەنیا دیتنێکی چەند خوولەکی و وێنەکێشانێک بوو، دیسان ڕێی مینی‌بووسانمان گرتەوە و سەرکەوتین بەرەو میراوێی مەلاخەلیل.
ڕێ‌بڕین بە مینی‌بووس لەو وەرزەدا کە سرووشت تابڵۆیەکی ڕەناوڕەنگی خۆی پێشکەشی چاوەکانی ئێمە کردووە، خۆی زەجرێکی دەروونییە، سات بە سات چاوەڕێ دەکەی بچی ناو دڵی ئەو سرووشتە و لەوێ پڕ بە سییەکانت هەناسە هەڵکێشی و جوان ببێوە و جەوان ببێوە. لە ڕێگایەدا بڕیار دەدرێت سەردانێکی پردەجۆلانەش بکەین، کاتژمێر گەیشتووەتە یازدەی بەیانی، میراوا تێدەپەڕێنین بەرەو ئەو پردە دادەبەزم و دادەگەڕێم بەرەو پردەجۆلانە، هەرچەند پێش‌تر بینیبووم بەڵام ئێستا کە هاتووین وێ‌ڕای هاوڕێیانی ئەوراز پێی‌دا دەپەڕێینەوە، گەیشتوومەتە نێوەڕاستی پردەکە، فەرهاد و سالار بە ڕێبەرایەتی کاک سمایل لە جەمسەری پردەکەوە لانکەم پێدەکەن سەرەتا درێژە دەدەم بە ڕۆیشتنم و گرینگی پێ نادەم کاتێک بیرم دێتەوە ئێرە ئێرانە و ئێمە لە ناوچەیەکی سنوورین و لە سەر پردێکین کە کەس ئاگادار نییە چەند ساڵ تێپەڕیوە لە نۆژەنکردنەوە و دەنگ هەڵدەبڕم و دەڵێم تکایە مەیجووڵێنەوە و بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی وەیکە تووندترم ڕاژێنن و چێژێکی زۆرتر ببینین!! هەرچۆنێک بێ “لەو زگەش بوومەوە و گەیشەمە کۆتایی، گەشتی پردی جۆلانە بەهۆی وێنەکێشان و جەفەنگی هاوڕێیان کەمێک زۆری خایاند.
ئێستا کاتژمێر یەکی نیوەڕۆیەیە ئێمە لە نەبی‌ئاوا دابزیوین، ئەو دابەزینەمان لەگەڵ حەموو دابەزینەکانی ڕابردوومان جیاوازی هەبوو، دەتگووت کەوین دوای ساڵانێک لە هەودەک ئازاد کراوین بەڕاستی دانیشتنی ناو مینی‌بووس ماندووی کردووین،  بڕیارە بەپەڕینەوە لە پردی قەڵاتاسیان هەڵکشێینە بەرەو دارستانەکانی لای گۆمانێ و لەوێ دانیشین بۆ فراوین‌کردن، لە نەبی‌ئاواڕا بەڕێ‌کەوتین بەرەو پردی قەڵاتاسیان، نووسراوەیەکی مێژووییم لە نووسینی پەیمانی هاوڕێم لە سەر ئەو پردە مێژوویی‌یە خوێندبۆوە، بۆیە تامەزرۆی بینینیم، بەر لە گەیشتن بە پردەکە بە نێو دارستانێکی دڵڕفێن و پڕاوپڕ لە داربەڕوو و دوودڕک و ڕەز تێدەپەڕین لە ناو ڕەزەکان‌دا دەڕوانین لە پاشەرۆکی ترێ ڕەشە، چەند هێشوویەکی چکۆڵەمان بە نێسیب بوو بەڵام هەر ئەو چەند هێشوو چکۆڵەیە تامی لە دەیان کیلۆ ترێ خۆش‌تر بوو، هەر لەوێ بۆ یەکەم‌ جارە کە دوودڕک دەبینم لێم کردەوە و خواردم تامێکی تایبەتی هەیە کە بەڕاستی بۆم تەوسیف ناکرێت تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە چاوەڕوانم نەدەکرد ئاوا بەتام بێت.
یەکێک لەو شتانەی کە من لە ناوچەی سەردەشت و دەورووبەری پێی سەرسامم خوش‌مەشڕەفی و خووڵق‌وخووی خەڵکی ئەو دەڤەرەیە، کەسانێکی دڵ‌ئاواڵا بێ‌غەرەز و ڕووگەشن، هەمیشە من ئەوەم لە هاوڕێیانی سەردەشتیم‌دا دیوە و تایبەتمەندییەکی بێ‌وێنەی ئەو خەڵکەیە کە لە سەردەمێک‌دا کە بەرژەوەندی‌خوازی هەموومانی لێک دوور کردووەتەوە ئەوان هەر وا دڵ‌ئاواڵا ماون و نەگۆڕاون.

پردی قەڵاتاسیان بێ‌ناز ماوەتەوە، لە وڵاتێک‌دا کە شەڕ و سیاسەت باڵی بە سەر هەموو شت‌دا کێشاوە ئاسایی‌یە پردێکی بێ‌گیان و بێ‌ هەست‌وخوستیش بووبێتە قوربانی، تەنیا سێ پێگە و چەندین کاریتەی ئاسنی و ژەنگهەڵاتوو تەنیا ئاسەواری ئەو پردەیه کە سەدان قارەمانی پێدا پەڕیوەتەوە و شاهیدی دەیان چیرۆکی تایبەتن، شوانێک لەوێ کە مێگەلێکی بزن پێنە باس لە چیرۆکێکی پردی قەڵاتاسیان دەکا، چیرۆکی خۆشەویستی شۆڕمەحموود و مەرزینگان تۆ بڕوانە ئەو نێوانە “شۆڕمەحموود”، “مەرزینگان” چەندە لە زاران خۆشن چەندە جوانن، خۆیان دەتوانن ببنە ناسناوی چیرۆک و بەیت و حەیران! هەر بەڕاست چلۆنە ئەو چیرۆکە نەکراوە بە بەیت یاخۆ کرابێت و بزر بووبێ یاخۆ من نەمبیستبێت، کابرای شوان گێڕابوویەوە کە شووڕمەحموود بە هۆی هەواڵێکی دروویین کە وا هەست دەکات مەرزینگان لەو پردەوە خۆ لە ناو زێ داوێت، لە سەر پردی قەڵاتاسیان‌ڕا خۆ فڕێ دەداتە ناو چۆمەکە، خۆفڕێدانی شۆڕمەحموود و خووڕپە لە دڵ‌کەوتنی مەرزینگان یەک بوو، مەرزینگان بەشوێن شۆڕمەحموود‌دا دەگەڕێەوە سەر پرد و دوای وەیکە بۆی دەردەکەوێت شۆڕمەحموودی خۆشەویستی خۆی فڕێ داوە ئەویش بە هەمان شێوە، بڕیار دەدات ئەو ژیانەی شۆڕمەحموودی تێ‌دا نەبێت بەجێی بێڵێت و تێی‌دا نەمێنێت.
دوای پەڕینەوە لە پردەکە، هەڵدەکشێین بەرەو دارستانی لای گۆمانێ، پاییزە بەڵام هەتاوو هێشتا هێزی لێ نەبڕاوە و سەرەڕای وەش ناتوانێت چێژ و جوانی ئەو سرووشتە کەم بکاتەوە، هەر هەناسەیەک کە سییەکانم پڕ دەکەن چەند ساتێک لە تەمەنی ڕۆیشتووم کەم دەکەنەوە و جەوان‌تر دەبمەوە، ئاخ هەڵکێشانم بۆوەیە داخەکەم ماوەیەکی کەم لێرەین و دوای فراوین دەبێت  ڕێ ببڕینەوە بەرەو مەهاباد.
دەگەینە باغێکی ساوە کە خانوویەکی لێ بنایت نراوە، خاوەن باغەکە کاک محەممەد خەڵکی گۆمانێ و کەسێکی ڕووخۆش و هەر وەک خەڵکی ئەو دەڤەرە دڵ‌ئاواڵا، دەرگای مڵک و دڵی بۆ پشوازی کاروانی شاخەوانان ئاواڵا دەکات.
لەو باغەدا دادەنیشین بۆ خواردنی فراوین، لە پشت خانووەکەی کاک محەممەد بارگەمان لێ‌خستووە و دانیشتووین، خەریکی نان‌خواردنم لەگەڵ هاوڕێیانم کاک محەممەدی سێحەب باغ دێتە کنمان و لە سەر کۆگایەکی خیز دادەنیشێت و من دەیدوێنم و لێی دەپرسم ئەو پردە کۆنە و مێژوویی‌یە ئەویش وڵام دەداتەوە بەڵێ تاریخییە، ڕێی کاروانی بوو، کاتی خۆی بڕیار درا نۆژەن بکرێتەوە و ببێتە پردێکی قاییم کە سوار و پیادە پێی‌دا بڕۆن، بەڵام دواتر تەقاندیانەوە!
دوای پشوودانێکی کورت فەرمان هات کە تا چەند خولەکی تر وەڕێ دەکەوین بەرەو ئاوایی گۆمان لەوێ مینی‌بووسەکان چاوەڕێمان دەکەن، بەڕێ‌کەوتین، ئێوارە کاتی تاوپەڕین دیمەنەکان جوان‌تر و دڵاوێن‌تر دەبن، سوور دەزانی ئەو شوێنە بەجێ دێڵی بەڵام یادی لە بیرومێشک‌دا تا ماوەیەک دەمێنێتەوە.
گەیشتینە گۆمانێ لەبڕی مینی‌بووسەکان تیمی فووتباڵی منداڵانی گۆمان چاوەڕوانمان بوون، دوای گفت‌وگۆیەکی کورت داوای ئێمەیان بۆ ڕکابەرییەک پەسەند کرد، تیمی منداڵانی ئاوایی گۆمان لەگەڵ تیمی لاوانی یانەی ئەوراز، ئەنجامی ئەو یارییە تا گەیشتنی مینی‌بووسەکان یەک گۆڵ لە بەرامبەر یەک گۆڵ دابوو.
✍️ چالاک کوردە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *