دره نوردی, قلم همنوردان

خدرئاوی – “شادی خسروی”

دوای سێ حەوتوو لە ماڵەوە بوونم ئەو هەینییە وێڕای گروپی ئەوراز دەچین بۆ دیتنی بەشێکی تر لە سروشتیی کوردستانی جوان، گەشتی ئەمجارەمان بۆ دۆڵی خدراوێ وەک ڕێز گرتن لە شاهۆ محەممەدی قارەمانیی مەلەوانی شارەکەمان کە توانی لە پاڕائۆلەمپیکدا میدالیای زێڕ مسۆگەر بکا پێشکەش بەو وەرزشڤانە خۆشەویستەمان کرا، کاتژمێر ٥ی بەیانی دوای هەڵواسینی وێنەی شاهۆ بە شیشەی مینی باسەکانەوە وەڕێ کەوتین،هەر وەک گەشتەکانی ترمان بۆ ناوچەی پیرانشار، محەممەدیار و نەغەدەمان تێپەڕ کرد، کاتژمێر ٨:٢٠ دوای خواردنی نانی بەیانی لە پارکێکی پیرانشار درێژەمان بە گەشتەکەمان دا و بەرەو سەردەشت وەڕێ کەوتین، پاش چەن خولەک سروشتیی جوانی دارستانەکانی پیرانشار-میراوێ وەدەر کەوت و دڵی هەر گەشتیارێکی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا، کاتژمێر ٩ ڕوومان لە شاخی کرد بەرەو دۆڵەکەو بە پێیان وەڕێ کەوتین، گوێ گرتن لە جریوەی مەل، شنەی شەماڵ کە لەشی شلکی گیاوگژی لە یەک دەخشاند دەنگی ئەو ڕووبارە ڕوونەی کە وەک ئاوێنەیەک سەوزایی دارەکانی دەنواند فێنککەرەوەی دڵ بوو، پاش کاتژمێرێک ڕێگا بڕین و پەڕینەوە لەو ئاو ساردە، پشوویەکمان لە ژێر سێبەری دارگوێزەکان دا و کۆڵەکانمان لەوێ دانا کە شوێنی مانەوەمان بوو و ڕۆیشتین بۆ دیتنی گۆم و تاڤگەیەکی چکۆلە کە ئاوەکەی دەڕژا ئەو گۆمەوە، لەو سروشتە جوانەدا بەداخەوە دیتنی پاشماوەی زبڵی هەندێک کەس، ئاور کردنەوەیان لە سەوزاییەکان و نەکووژاندنەوەیان و شکاندنی لقی دارەکان خەمباری دەکردین، پاراستنی ژینگە و سروشت ئەرکێکی نیشتمانییە و قووڵایی بیری کۆمەڵگا دەگەیەنێ و گروپی ئێمەش هەموو کات بۆ پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی و هاندانی ئەندامان بۆ وشیاری لە هەمبەر ژینگە هەوڵی داوە، تینووێتی تاقەتی لێ بڕیبووم ئەو ئاوەی پێم بوو لەبەر گەرما ببوو ژەک، سەفەکە ڕاوەستابوو و چاوەڕێ بووم لە ئاوی کانییەک کە لە سەرەوە بە شیلانگ هێنابوویانە سەر ڕێگا قومقومەکەم پڕ کەم، زوو زوو کەسێکیش بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد ئەوانەی ئاو ناخۆن بەو ڕێگایەدا بڕۆن، جووڵە لە بەرد دەهات لە کەس نەدەهات وادیار بوو هەموو توونین، گەنجەکان لە نێو ئاودا مەلە و شەڕەئاویان دەکرد پێکەنینیان وەک ئەوەڵ زەردەی خۆرەتاو جوان بوو، لە هەندێک شوێن ئاوەکە مەند و ئارام بوو لە هەندێک شوێنی دیکە بە خووڕ لە گاشەبەردان دەکەوت، ئاوی ئەو چۆمە لە کوێستانەکانی ناوچە سەرچاوە دەگرێ و پاشان دەڕژێتە چۆمی کەڵوەو بەنداوێک کە لەسەری لێیان داوە. پاش نان و چای نیوەڕۆ کاتژمێر ٥ی ئێوارێ کاتی گەڕانەوەمان بوو و من دڵخۆش بووم بە دیتنی ئەو هەموو جوانییە و دەبێ چاوەڕێ بم تا هەینییەکی تر دادێت.

شادی


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *