قلم همنوردان

شعر من یک بار تو را دیده ام – “شهریار پاشایی”

نە من جارێک ئەتۆم دیوە

نە تۆ منت چاک ناسیوە

من مەلێکی ڕێ لێ ون بووی
مارانگازی بێچوو مردووی
هێلانە وێرانی کوێستان

تۆ مەلێکی تازە لاوی
شیرین بزەی بسک خاوی
بەناز پەروەردەی سەر دەستان

من ڕستێکی نەنووسراوم
جەوهەرێکم لەنێو
پێنووس قەتیس ماوە

بەڵام گیانە!
تۆ شێعرێکی کە بە زمانی
خودای جوانییەکان ڕازاوە

من مۆسیقای قیژە و هەرا و
هات و هووریای سەربازێکی
ون و نامۆم
من بزەی درۆی سەر زاری
جۆکێرێکی لەسەر شانۆم

بەڵام باجی!
تۆ سەمفۆنی بێتهۆڤێنی
تۆ خۆشترین نۆتی سیمی سەر ڤیۆڵۆنی
ئەتۆ شووشەی ئۆدکڵۆنێکی پاریسی
مادمازێل!
لەنێو وان خۆشترین بۆنی

تۆ ئاسکێکی گردن بەرزی
ئازا و ئازادی بێ مەرزی
لەنێو دینی جوان پەرستان
خانباجی نوێژێکی فەڕزی

بەڵێ گیانە
ئەمن ئاوام
ئەتۆ ئاوای
کە بە دوای جوانی دا گەڕای
خۆت ببینە
لەکن من قەت مەکە داوای.

شەهریار پاشائی – ١٤٠١/٠٩/٢٥


Zaman-Nasi-Chalak-Korde

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *