قلم همنوردان, کوه پیمایی

هەینی 21ی گوڵان 1403 “تازەقەڵا” – تاڤگەی “خەرپاپ” – جمعه 21 اردیبهشت 1403 برنامه آبشار “خرپاپ” از روستای “تازه قلعه” پیرانشهر

هەینی 21ی گوڵان 1403 “تازەقەڵا” – تاڤگەی “خەرپاپ”
جمعه 21 اردیبهشت برنامه آبشار “خرپاپ” از روستای “تازه قلعه” پیرانشهر

حەیفە کوێستان بەو سەرەبەرزانەوە هەر تەم نەبێ
م. هێدی
*خـــەرپـــــــاپ*کۆترەل، قەپ‌قەپ، بابەسەن، گانەپێ… بە دیواری سەخت و حاسێ دۆڵی زەوییان و خەرپاپی لە ئامێز گرتووە. کوێستانێکی تێر و دەوڵەمەند، کەویێ بەفران،  سەرانی گرتووە و با نێو خڕ و قووڵ و چڕ و ڕژد تا داوێنێ ڕنووی ڕاکێشاوە؛ مێرگ نەخشاوە، وڵات خەمڵیوە، مانگی گوڵان مانگی بانەمەڕە. چۆڕچۆڕەی ڕنووی بەفران و قەڵبەزەی کانیاو، جۆگەلە ئاوان بەرەو قووڵی دۆڵێ هان دەدا؛ گرمە و گرڤەی سۆلاڤ و ئاوهەڵدێری خەرپاپ تۆزێ لە ئاوێ دەکا و تاقی کۆلکەزێڕینە هەڵدەبەستێ. هاش‌وهووشی ئاوێ، دیواری بێدەنگی کوێستان دەڕمێنێ. ڕوون و سپی و زێوین وەک چاوی قرژاڵ ڕادەخوشێتە نێو شیوان؛ بە سەدان و هەزاران داری کەوت و بەڕوو و بەن و قەزوان و گێوژ و گوێز پشتوێندەی لە دەوری لووسی خەرپاپێ دەکا.
سەرسام و سەرخۆش وەک خەونێکی شیرین، فیلمێکی ڕۆمانتیک یان ڕیوایەتی مامۆستایەکی بەگفت‌ولفت، کە دیمەنی بەهەشت دەخاتە بەرباس، دێتە چاو؛ دیدە وەڕەز و بیر و خەیاڵ ماندوو نابن! پاڵ وە تاشەبەردێک دەدەم و مەلی ئارەزووەکان بەرەو حەوێقی ئاسمانی شینی بێ هەور  باڵ دەگرێ و لەنگەری لەسەر دەگرێ.
ڕێچکە و کاروانەڕێی باریک وەک دەمار بە نێو لێڕەواردا خوارە‌‌کەوپێچەکەی دەکەن و له بن سێبەری داران نێونێوە لە چاوان بزر دەبن.
هەردی پاش باران بە ڕەنگێکی سوور و مسین، سوورکاڵ و گەش و ڕوون  خیز و بەردی نێو ڕووبار بە دەیان ڕەنگی سپی، شین، ڕەش، زەرد و بۆر لە بەر تیشکی خوڕ دەبریقێنەوە و لە ڕووبەری کەسکی کوێستان و ڕنووان ئاڵای بەهارێ هەڵدەکەن.
کەسک، کەسکێکی ڕوون و شاد، بە دەستی پەرییان پەلکی گەڵای شۆردۆتەوە، لە داوێن تا گوڵووکی سەری گەڵای لێڕەواری ڕەنگاندووە؛ شنە هێورهێور بەهێمنی گەڵا و شلکەتوولی ساوا دەبزێوێ و گوڵان دێنێتە نەرمەسەمایەکی سێحراوی.
ڕۆژگاری وێنەکێش ئەو تابڵویەی زەوییان و خەرپاپ و سوورەزەوییانی کێشاوەتەوە و لە نێو پێدەشت و مێرگێک بە پازدە کێل و بەردان واژۆی لەسەر پێناسەی بوونی کورد و کوردستانی نیشتمانی کورد نەخشاندووە.سمایل قەزاق ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *