قلم همنوردان, کوه نوردی

٭مەیدان ئەستەر “ئاڵپی مەهاباد” لە دڵی نیشتمان‌دا٭ – ” شەویار ” (میدان استر “آلپ مهاباد” جایی در قلب سرزمینم)

٭مەیدان ئەستەر “ئاڵپی مەهاباد” لە دڵی نیشتمان‌دا٭
“ئەو سرووشتەی لە کاتی خەزانیش‌دا تامی مەرگت پێ‌نابەخشێت؛
مەیدان ئەستەر و جیهانی ڕەمز و ڕازی ژیان و بووژانەوە بە گەشتێکی یەک‌ڕۆژە دەگەڵ” گرووپی شاخەوانی ئەوراز”ی مەهاباد..
مەیدان ئەستەر دەڵێی ئاستەڕی بە بەر هەڵکێشراوە؛
ئاستەڕێکی ڕەنگاڵە ئاوێتە بە سرووشتی ڕەنگاوڕەنگی جوان و گوڵی زەرد و سوور و سپی و ئاڵ‌ووێر..
ئاستەڕێکی سەوز بە گیاوگۆڵی بەهاری و گۆڕایی پێ‌هەڵگری دەشتی ڕێواس و کوڕادە و پنگە و بەیبوون و هەڵاڵە و خاشخاشکە و…
ئاستەڕێک بە هاڕموونی و ڕیتمی مووسیقی ڕاژە و بلاوێنی خوڕەی کانی و کانیاوی ئاوهەڵدێری لووتکەی بەرزی ئاڵپی مەهاباد واتە بەرزترین لووتکەی ئەم شارە (2850 بۆ 2860میتر) لە دڵی شیرین تام و ڕووگەشی گووندی بێهەنگوێن..جارێکی تر وای لە گرووپی شاخەوانی ئەوراز کرد کە بەرەبەیانی هەینی 4ی جۆزەردان لە بێدەنگی شاردا گۆڕەپانی دایک بە بەسەرکردنەوەی لیستی هاوڕێیان لە لایەن بەرپرسی گرووە بەڕێز کاک پەیمان دووکەڵی مینی بووسەکان شەقڵی شەقام دەشکێنن و بە پردی حاجی مامیان‌دا ئاوایی‌یەکانی سەر ڕێگا و پردی داغە و باگردانی سەرێ و خوارێ و دووچۆمان تێدەپەڕێنین  و ڕێگای پڕ کەندولەند ئاوێتە بە گۆرانی بەسۆزی ماملێ سۆزەبای فێنک‌کەرەوە چێشتەخەوی بەر تیشکی خۆرەتاو دەتارێنێ و تێکەڵاو بە شۆخی و جەفەنگی کاک پێشەوا و کاک شاهین و قاقای ژیار و هاوڕێیانی دیکەمان دەکات. بەپێی هێما و ئیشارەی چاو و برۆ و نێوچاوان گرژکردنەوەی بەرپرسی گرووە وێدەچێ سووژەیەک هەبێ ڕێگە نەدات بۆ بەئوبژەکردن و تەقاندنەوەی تریق‌وهۆڕ و تریقانەوەی گشتی 😂 بەرپرسی گرووهیش بەو تەمەنە کەمە سەرتاپا ئەخلاقی لێ دەتکێت و مرۆڤ شەرم دەکا شۆخییەکیشی دەگەڵ بکات😡جا چ بگا بەو سووژەی کە کاک پێشەوا خەریک بوو دەوری بۆ هەڵدەگرت😂
دەنگی گارەگاری مریشک و کاڕەکاڕی بەرخ و کاریلە و خۆڕەی ئاوی کانیاوەکانی ساردەکوێستانی بێهەنگوین سەما بە سەر پەنجەی پێ و شان و شەپیلکان دەکا و وزەی سه‌رکەوتن بە سەر لێژایی و بەرزایی و سوێگەکانی ئەم دەوەرە دەبەخشێت.
دەگەینە برایماڵکان و تابڵۆی نەخشینی گوڵە‌زەردان وەبیر ئەو گۆرانیەمان دەخاتەوە؛
:”لە سابڵاغێ وەدەر کەوتم
لە گوڵە زەردان وەسەر کەوتم”٭
ئەم دیمەنە دڵڕفێنە ئۆقرەمان لێ هەڵدەگرێت بۆ وێنەگرتن و چاوبەزێنە دەگەڵ پەڕ بە پەڕی غونچەکانی پەلکەکراو و هەستمان دەکرد دووربوونەوە لەم دیمەنە دەگمەنە دیدارێکی سەرلەنوێمان بۆ پێک ناهێنێتەوە!
کاک پەیمان دەڵێ ئێرە” برایماڵکێ یان برایماڵکان”ی پێ دەوترێت کە لەوانەیە لە وشەی برایمۆک وەرگیرابێت یان وەک دەوترێت چەند بنەماڵەیەک لێرە چادر و چیغ و هەواریان هەڵدابێت و ئەم نێوەیان بێرە بەخشی بێت. نێوەکەی سرنجم ڕادەکێشێت خێرا لە سەر فایلی نووسراوەکانم نێوەکەی دەنووسم تاکوو دواتر سەبارەت بەم نێوە زۆرتر سەرئێشە بۆ خۆم و دانیشتووانی ئەم شوێنە پێک بهێنم بزانم ڕیشە و بنەچەکەی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟! کاک فەرید وەک هەمیشە کنجکۆڵ دەبێت و دەڵێ برایماڵکان لە چییەوە هاتووە؟
کاک پەیمان زانیارێکی کورتمان پێ دەبەخشێ٭ و سەرم زۆرتر لێ ئەستوور دەبێت🤔
کاک ئاڕەش دەڵێ خودایی جێگایەکی خۆش و بێ‌وێنەتان هەڵبژاردووە بۆ پشوو و حەسانەوە👌
بەهێزی بەرایەتی و هاوڕێیەتی، هاوڕێی یەکتر دەبین بەرەو ڕێگەبڕین و ڕێگەپێوانی دۆڵ و دەشت و بەرزایی و بە یاڵەکێ‌دا دەچینە سەرێ و، سەرتر و سەرتر دەڕۆین.
چەند کەسێک ماندوو و شەکەت بە بۆڵەبۆڵ چرکەژمێری دەکەن بۆ وەستانێکی کورت، یاخود هەوارهەڵدانی یەکجارەکی (کەمێک بۆخۆیشم دەگرێتەوە، ماندوویەتی بڕستی لێ بڕی بووم و جوانی سرووشتیش سەرمەستی کردبووم پێ بخەمە سەر ئارەقەی ماندوویەتیم و ڕێگە بپێوم). ڕێژنە لە ناکاو دەگەڵ خودا دێتە دیالۆگ و گوفت‌ووێژ و دەڵێ: ئەی خودایە  ئەم هەمووە جوانییە چییە بە بەری مەیدان ئەستەرت هەڵدرووە! بڵێی کلیلی بەهەشتت لێرە جێ نەهێشت بێت🧐ڕۆژان کە دووربینی گووشییەکەی زووم کردووەتە سەر چەند پەپوولەی باڵ‌ڕەنگین کە خەریکی هەنگ‌مژینن دەڵێ پێم خۆشە باڵ بگرم و هەڵفڕم….
گۆڕەمراد!!! یان گۆڕمراد؟ چەند نێوێکی بەسام و هەیبەت و ناودارانەیە..گۆڕایی‌یەک پڕی پنجی ڕێواس و گوڵی ئاڵ‌ووێر..بەرپرسی گرووە شێلگیرانە گرووە بە سەر دوو تیم‌دا دابەش دەکات، تیمێک دەچێتە لووتکە و تیمێکیش بەرەو داوێنی چیای مەیدان ئەستەر..
ئێمەی گێل(گرووپی شلەخەجێی جاران) هەروا دەزانین ئەوە لە تیمی ئاسانی سەیران و گوڵگەشت‌دا ماوینەتەوە و زۆر ماندوو نابین و لەوانەیە سوێگەیەکی تر ببڕین و هەواری خۆمانی لێ هەڵدەین و بەزم و خۆشی بگێڕین.😔بێ‌خەبەر لەوەی هەوراز و نشێوی زۆرمان دەپێ‌دا ماوە و..کورد وتەنی ؛گۆڕهەڵتەکێنە ئەوە شاخ نییە گۆڕهەڵکەنەیە😭 ئەرێ بڵێی نێوی گۆڕمرادیش هەر ئاماژە بەو سەختی و دژوارییەی ڕێگا نەبێت؟!😂 کە نەگەی بە مراد و لە ناکامی و بێ‌مرادی‌دا بخرێیە ناو گۆڕ!!!
🔺بەردێک لە گۆڕایی‌یەکەوە قیت و باڵانوێن خۆ دەنوێنێ، وەک ئەوەی هونەرمەندێکی بەردتاش پەیکەرتاشی بۆ کردبێت؛ بەردی خاڵ حەمەدی واتە بەردی خاڵ محەممەدی***(دەگەڵ کاکە پەیمان بە مێشکمان‌دا هات بەپێی توانا زانیاری  لە سەر کۆ بکەینەوە).یان لەو شوێنە تیمی بەڕێوەبەر وشەی” پاکوب”ی بە بێ‌سیم دەگووتەوە، دوای مشت‌ومڕێکی زۆر تاوتوێی وشەی ڕەسەنی “شاڕێگا”مان دەکرد لە جیاتی کارکردی پاکوب!
🔹ڕێگە‌بڕینتان پیرۆز هاوڕێیانی ئەوراز و چەپڵەیەک بۆ بەرپرس و بەڕێوەبەران و پێشەنگ و پێشڕەوانی کەژپێوی ماندوویی‌نەناس کە بە دڵێکی بەرفراوان ئێمەش بەزەحمەت دەگەیەننە  کانی مەیدان‌ئەستەر و داوێنی چیا و پاڵ تیمی هەوراز و نشیوبەزێنی ئەوراز..👏👏
کاکە ڕێبین لە پشت خەت بە دایکی دەڵێ گوێ مەدە باران و تەرزەی مەهاباد،  ئێمە لە پاڵ هەورەکانین لە کن ماڵی خودا..ژیار دەڵێ ئەرێ وەڵڵا بە شەرتێک لێرە بۆی بکەوی و نەچییەوە خوارێ😂
لە دوورەوە چاو دەبڕینە تیمی سێ کەسی بەڕێزان؛ کاک ئاڕەش،کاک پەیمان و کاک شاهین کە خەریکن بە لای بەردەڕێژی چیاکەدا بە شێوازی سەخرەنەوەردی بەرەو لووتکە پەنجە دەبزێون و بە بەرد و تاشەبەردەکان موسیقی دەژنن.
بە خۆم دەڵێم ئەم ڕازە چییە؟! ئەم هەمووە هێز و توانایی و وزەیە چییە کە چیا وات لێ دەکا منداڵی شاخ و داخ هەمووی دەبەر خۆی هەڵکێشێت و ببێت بە شاخەوانی کەژپێو و کەند و لەندبەزێنی دۆڵ و دەشت و چیاااااا؟!
بیر و هزرم دەچێتە لای چەند پرسیارێک و لە گەڕانەوەدا بە کاک پەیمان دەڵێم پێویستمان بە تاقمێک پسپۆڕی شارەزا و لێشاوە هەیە لە بواری ڕەچەڵەکناسی و ڕوەکناسی تاکوو بگەین بە دۆزینەوە و، ببین بە دۆزەرەوەی ئەم هەمووە لاپەڕە بزربوویەی مێژوو کە بتوانرێت ڕۆژێک بناغەی بەردی مێژوومانی پێ هەڵبچێندرێتەوە و بست بە بستی ئەم خاکەمان بۆ ناسنامەدار بکاتەوە.
🌺کۆتابەش ؛مرۆڤ پێویستە هەمیشە پێزان بێت بۆیە سپاس و پێزانینی تایبەت پێشکەشی هەموو ئەو بەڕێزانە کە لەم سەفەرەدا هاوڕێیەتیان کردین و بێ‌تاقەتیان بەتاقەتەوە وەرگرتین و ئێمەشیان لەم سەفەرەدا بەتەنیا جێ نەهێشت بەتایبەت بەڕێزان کاک پەیمان،کاک مەسعوود، کاک پێشەوا، تایبەتی‌تر برای بەڕێز کاک ئاڕەش کە لە نیوەی ڕێگادا بەرپرسانە بەپیل ماندووبوونمانەوە هات و ئێمەی گەیاندەوە شوێنی ماشێنەکان.
سپاسی تایبەتی پێشکەشی بنەماڵەی ئیبڕاهیم‌دووست دانیشتووی گووندی بێهەنگوین دەکەین بە دڵ‌فراوانییەوە دەرگای ماڵیان بە ڕووی هەموومان‌دا لە سەر گازەرای پشت واڵا هێشتەوە و لە کاتی باران‌بارین‌دا بوون بە ماڵی دڵمان تاکوو چەند چرکەیەک تێی‌دا ئۆقرە بگرین🙏🌺
پەراوێز؛
🔸شەڕەئاوی هاوڕێیان و سەمای کاک ئاڕەش لە پێش کاک ڕەحیم و ماشێن‌دا نیشان لە خاکەڕابوونی مرۆڤی خاوەن پلەی باڵایە 👌
🔹ڕاهێنان و مەشقی وەرزیشی لە نێوان مەودای چەند هەوراز و نشێوی کەژپێوی ئەم گەشتەدا لە لایەن کاک هیوا خۆی بەرگێکی زێڕینە لە کاری گرووهی و خەمخۆری گشتی و بازنەیی بوونی گرووە هاوکات بە تێپەڕینی شۆخی و جەفەنگی زنجیرەیی و  هەجوەکانی کاک برایم..😂
🌺بەردەوامی لە دڵی نیشتمان‌دا مایەی شانازی و هیوابەخشی و دووربوونەوەیە لە وەرزی خەزان و هەڵوەرین‌🌺
بژین و بەردەوام..
“شەویار”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *