قلم همنوردان

ڕاپۆڕتێک لە گەشتی هەینی بۆ “کاوڵان” و “کووران” – “پیمان ابراهیم دوست”

ڕاپۆڕتێک لە گەشتی هەینی بۆ کاوڵان و کوران

کاتژمێر پێنج و نیوی بەیانی ڕۆژی هەینی ۱٨ی خاکەلێوەیە، خەریکم خۆم ساز دەکەم و کۆڵەپشتی دەبەستم بە مەبەستی گەشت‌کردن بۆ ناوچەی گەورکایەتی مەهاباد لەگەڵ یانەی شاخەوانی ئەوراز، ئەوە یەکەم گەشتمە لە ساڵی نوێ‌دا لەگەڵ هاوڕێیانی ئەوراز، بۆ کاتژمێر شەش‌وچارەگێک خۆم گەیانەدە مەیدانی دایک، سێ مینی‌باس لەوێ و شاخەوانە بەڕێزەکانیش حازر بوون.
لە کاتی دیاری‌کراودا وەڕێ‌کەوتین بەرەو ئاوایی کاوڵانی سەرێ لە ناوچەی گەورکایەتی، دوای تێپەڕینمان لە سێڕای هەمزائاوا و دوای وەیکە هەتاو بە تەواوی تیشکی خۆی بە سەر زەوی‌دا ڕاکێشا، دیمەنی بەهاری ناوچەکە دڵڕفێن و هۆمێدبەخش بوو، مرۆڤ کە بەهار دەبینێت و هەستی پێ دەکا، وەبیر ئەو دێڕە شێعرەی هێمن موکریانی دەکەوێتەوە، “بەشی ئینسانی بێ‌هیوا نەمانە” زستان هەرچەند چڕ و تاریکیش بێت بە هیوای هاتنی بەهار بەرگەی دەگرین و تاقەت دێنین!
ڕێگەمان کەمێک دوورە ئەمڕۆ، بەڵام تامەزرۆییم بۆ دیتنی کوێستان و کێوەکانی ئەو ناوچەیە هۆش و زەینمی لەو بابەتە دوور کردبۆوە و لە کۆتایی‌دا گەیشتینە کاوڵانی سەرێ.
کاتێک لە ماشێن دابەزین دیمەنی بەهاری و بافتی خانووەکانی ئاوایی کاوڵان و دەرکردنی مەڕوماڵات بۆ دامێنی چیا و دەرکەوتنی کوێستانی تۆرە و ڕووخساری داپۆشراوی بە بەفر هەوێنی هەموو جوانییەکان بوو.
کاوڵان بە هۆیەکی تریش بۆ من سرنج‌ڕاکش بوو ئەویش ئەوە بوو کە شاعیرێکی مەزن و بلیمەتی وەک مامۆستا فیدایی لێ هەڵکەوتبوو، چون مامۆستا فیدایی و هەڵبەستەکانی لای من جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە،
بە نێوماڵانی کاوڵان‌دا وەڕێکەوتین بەرەو کێوەکان دوای چەند خولەکێک گەیشتینە شوێنی نیشتەجێ‌بوونمان بۆ جەمی بەیانی شوێنێک ڕازاوە بە شینایی و دیمەنی کوێستانی تۆرە و کێوە بەرزەکانی ناوچە، بەڵام داخی گرانم لەگەڵ هەبوونی مێگەل مەڕ و بزن و شوانی ڕوح‌سووک، هەستم بە نەبوونی سۆزی شمشاڵی شوان دەکرد. دانیشتین بۆ خواردنی نان‌وچای بەیانی  دوای نان‌وچاخواردن گروه خۆی ڕێکخستەوە و وەڕێکەوتین بەرەو کێوی قەلەڕەشە بەرامبەر بە ئاوایی کوران، لێرەدا بووینە دوو گروه، تیمێک بۆ بەرزترین لووتکەی ئەو ناوچەیە، تیمێکیش بە پێشەنگایەتی کاک برایم بۆ گەشت لە ناوچەکە، ئێمە کەوتینە گەڵ گروهی یەکەم و ڕێمان‌بڕی بەرەو لووتکە، لەو ڕێگەیەدا، شنەی شەماڵ و سۆزی تاو و خوڕەی ئاوهەڵدێڕ و دیمەنی بەفری نواڵان وایکردبوو کە هەست بە ماندوویی نەکەم هەرچەند بایەکەی تووند بوو بەڵام ڕێبواری عاشق کوا با دەتوانێ پێشی پێ بگرێت، ئێمەش کە تەمەزرۆی گەیشتین بە لووتکە بووین ماندوونەناسانە ڕێمان دەبڕی، دوای سەرکەوتنمان بۆ لووتکەدا ئەوجار بەرەو ڕندۆڵ و دامێنی شاخەکانی کوران سەرەوژێر بووین بە ئامانجی پشوودان و خواردنی جەمە نانی نێوڕۆیە، شوێنی دانیشتنمان نێو باغێکی خۆش بوو، نان‌خواردن و پشوودانمان بە دەنگی خوڕەی ئاو چێژێکی تایبەت‌تری هەبوو، دوای کۆتایی پشوودانمان کۆڵەپشتییەکانمان خڕ کردەوە و وەڕێکەوتین بۆ لای ماشێنەکان کە ئێستا هاتبوونەوە کورانێ لە کورانێ تێپەڕین و کەمێک خوارتر ڕووبەڕووی دارستانە بەنێوبانگەکەی کوران سواری ماشێنەکان بووین و هاتینەوە بەرەو مەهاباد، لە مەسیردا لە ئاوایی کیتکە ڕاوەستاین بۆ بەستەنی‌خواردن و چایی‌خواردنەوە لە کۆتایی‌دا کاتێک شەو داهاتبوو گەیشتینەوە نێو شار و لە هاوڕێیان دابڕام بەرەو ماڵەوە.


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *