قلم همنوردان

“هەوار مامز” – “شادی خسروی”

Shadi khosrawi:
کاتژمێر ٣و نیوی بەیانییە گوێم داوەتە دەنگی باران و گرمەی هەور و هاوکات کورتەنامە بۆ ئێلهام دەنێرم کە کەشوهەوای ئەوێ چۆنە، بڵێی بتوانین وەسەر کەوین؟ئەوە دووهەمین شاخەوانی من لەگەڵ هاوڕێیانی ئەورازە، بەیانی هەندێک درەنگتر لە جاری پێشوو کە چووبووین بۆ نەستانێ، بەرەو هەوار مامز وەڕێ کەوتین.

محەممەدیار، نەغەدەو شنۆمان تێپەڕ کرد، ئیدی وردە وردە سروشت جوانییەکانی خۆی دەنواند، هاوڕێیانی نێو مینی بووسەکە بەهۆی دووری ماندوو و وەڕەز ببوون، گەیشتبووینە ڕێگایەکی تەسک و باریک کە لایەکی کێو بوو و ئەولای کە من نەمدەدیت دۆڵێکی قووڵ و چڕ و درێژ بوو، دوای دوو کاتژمێر ڕێگابڕین لە سەر ئیسفاڵت و کاتژمێرێک ڕۆیشتن لە سەر ڕێگای خاکی گەیشتینە پێش پایگایەکی مەرزی، لەو شوێنە زیاتر ئیزنیان نەدەدا ماشێنەکان بمانبەن بۆیە دابەزین و کۆڵەکەمان هەڵگرت و بە پێیان وەڕێ کەوتین.
لە دوای حەوتوویەک پڕ لە ماندووێتی لە ناو جەرگەی شاردا دیتنی ئەو شاخ و دۆڵ و هاژەی ئەو ڕووبارە جوانەی کە ئێستا گەیشتووینە لای گڕوتینێکی دیکەی دەداینێ و ئامادەی دەکردین بۆ سەرکەوتن بە سەر چڕترین و بڵیندترین لووتکە، سەرەتای بەیانی دەبێ لەو ئاوە بپەڕێینەوە کە تێکەڵ بە چۆمی گادەر دەبۆوە، من و هاوڕێکەم لەوێ لێک دابڕاین و هەرکاممان بە شێوەیەک پەڕینەوە، دوای پەڕینەوەمان لە چۆم، دانیشتین نان و چای بەیانیمان لە ژێر سێبەری دارەکان خوارد و دیسانەوە وەڕێ کەوتین، پاش نیو کاتژمێر ئێستا لە یەکەم پردی سەر ڕووباری گادەرین.
سەرچاوەی ئاوی ڕووباری گادەر کوێستانەکانی رۆژئاوای شنۆ و بەرزاییە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستانە.
دیمەنی دڵڕفێنی ئەو شوێنە دڵی هەموو گەشتیارێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، کۆڵەکانمان دانا و پاش پشوویەکی کورت بەرەو بەرزایی هەوار مامز وەڕێ کەوتین.
هەوار مامز ناوچەیەکی سنوورییە و سنووری باشوور بە چاوان دیارە و لە خەیاڵمدا شوێنێک بوو کە قەدیم مامزی لێ بووە بۆیە ئەو نێوەیان لەسەر ناوە.
لەگەڵ ھەر چوونەسەرێک کاتێک چاو لەو ڕێگایە دەکەی بڕیوتە ئازایەتی و باوەڕ بەخۆبوونی زیاتر لە ناختدا گەشە دەکات بە جۆرێک کە وا ھەست دەکەی لەگەڵ شاخ بوویەتە یەک و ڕوحت ئاوێتەی ڕوحی سروشت بووە
کاتێک بووینە دوو تیم من بڕیارم دا لەگەڵ تیمی سەرکەوتن بچم بۆ بەرزایی و کانی هەوار مامز، بۆیە لە هاوڕێکانم دابڕام، ئێستا من تەنیا ماومەتەوە و ڕێگایەکی زۆرم ماوە، خەم دایگرتم بەڵام دەمزانی لە،
گروپی ئەورازدا هیچ کات تەنیا نیم و هاوڕێیان زۆر ئاگایان لە یەکترە هەر ئەوەش وای کردووە ببێتە نوێنگە و سەرمەشقی یەکگرتوویی، کاری بە کۆمەڵ و هاوکاری.
پشوویەکی کورت دەدەین، چاو دەگێڕم و سەرم سووڕماوە لەو هەموو جوانییە، سەرباری هەموو تاڵان و کاولکاری سەر ئەم خاک و سروشتە، جوانییەکانی کەم نەبوونەوە ئەو شاخانە کە هەردەم هاوڕێ و پەنای ڕۆڵەکانمان بوون ئێستا بە سەوزایی و گوڵە جوان و هەمەڕەنگەکانی باوەشیان بۆ ئێمە کردووەتەوە و سروشتی جوانیان بۆ کردووین بە دیاری.
زۆر گرینگە کە هەنگاوی گەورە هەڵنەهێنی، لە هەورازە چڕ و تووندەکان، لە پێش کەسانی پشت سەرت ڕانەوەستی و مەودات لەگەڵ کەسی پێش و دوای خۆت ڕاگری، لاقت لەسەر خیزەڵان و بەردەکان چۆن دانێی، گۆچانەکەت چەندە درێژ بکەی و ڕایگری، هەموو ئەوانە کاک سادق و کاک سمایل بە دڵێکی گەورەوە فێریان کردووم. مێژووی شاخەوانان لە کوردستان نیشانی داوە کە زۆربەی ئەوان لە مرۆڤە دڵسۆزەکانی ئەم نیشتمانەن و زیاتر لە هەر چینێکی کۆمەڵگا ئاگایان لە نیشتمانی خۆیانە.
لە ڕێگایەی سەرکەوتنمان چەن کەسمان دیت کە هاتبوون بۆ ڕێواسان، لە کوردستان لەو وەرزەی ساڵدا هەندێک کەس بژێوی ژیانیان بە گیای بەهاری پەیدا دەکەن.
بەیتێک لە شێعری مامۆستا گۆران لەبەر خۆمەوە دەڵێم:
نەسیمی بۆن خۆش، کزەبای فێنک، وەک نەوای ئیلهام
سەمای جوانیی پەریی تەبیعەت دێنێتە ئەنجام!
پاش ماندوو بوونێکی زۆر گەیشتووینە کانییەکەی هەوار مامز بەرامبەرمان شاخەڕووخاوە، لێرەوە کێوەڕەشیش دیارە. هەموو هەستێکی خۆشمان هەیە ئاوی ئەو کانییە بەڕاستی فێنککەرەوەی ڕوح و گیانە ماندوویەتی لە لەشت دەردەکا، هەندێک خواردەمەنی دەخۆین دوای وێنەکێشان و فیلم هەڵگرتنەوە خۆ تەیار دەکەین و دادەگەڕێینەوە خوارێ.
لە کۆتایی ڕێگای گەڕانەوەمان گەیشتینەوە کن ئەو ڕووبارە جوانەی کە کاتی سەرکەوتن بڕیارم دابوو وێنەی لێ بگرم، مۆبایلەکەم دەرهێناوە خەریکم وێنەیەک تۆمار دەکەم لە پشت سەرم چەن کەس دەیانکوت لاچوو لاچوو و من نەمدەزانی لەگەڵ کێیانە لەناکاو کاک پێشەوا هاوار دەکا بەرد بەرد بەرد! ئاوڕم داوە بەردێکی گەورە خەریکە بەرەولای من دێ پێشەوەم دۆڵێک و ڕێگای جووڵانەوەم نییە تەنیشت بەردەکە لە لاقم کەوت بەڵام هیچم لێ نەهات، ئەوە دەیتوانی بە شێوەیەکی دی کۆتایی بێ.

کاک پێشەوا کوڕێکی زۆر خوێن شیرین، مێهرەبان و لەبەردڵانە، هەموو خۆشیان دەوێ و ئەمجارەش بەو شێوەیە منی لە مەترسییەکی گەورە ڕزگار کرد.

ئێستا گەیشتوومەتە لای هاوڕێکانم، دادە چیمەن و میدیا و ئیلهام چاوەڕوانم بوون نان و چای نیوەڕۆمان خوارد.
کاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارەیە کاتی گەڕانەوە هاتووە، وەڕێ دەکەوین کاک برایم بە بزەی سەر لێوی، شۆخیەکانی و گۆرانییە خۆشەی کە ئێستا بۆمان دەڵێ ماندووێتی لە لەشمان دەباتە دەر.
چاوم لە دەرێیە لە خۆم دەپرسم بۆچی گەلی کورد ئاوا لەگەڵ شاخ تێکەڵ و ئاوێتە بووە؟
شاخ هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدانە، شاخ وانەی چاونەترسی و خۆشەویستی و یەک دڵیمان دەداتێ کە بە شێوەیەکی سرووشتی تێکەڵاوی جەستەو دەروون و هەستەکانمان دەبێ. مخابن ئەوە دیسان بەرەو شار دەڕۆینەوە ماڵئاوایی لە سرووشت دەکەین و من دەبێ چاوڕێ بکەم تا هەینییەکی تر دادێت.

بە قەلەمی هاوڕێی عازیزمان خاتوو شادی خوسرەوی


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *