قلم همنوردان

“کێوی داڵانپەڕ” – “پیمان ابراهیم دوست”

کێوی داڵانپەڕ بە بڵیندایی ٣٤٤٩میتر لەئاستی زەریاوە و هەڵکەتوو لە خاڵی سنووری شاری ورمێ لەخاکی ئێران دایه، هەڵکەوتی ئەو کێوە لەنێوان سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکییه. لەدامێنی ئەو کێوە شارۆچکەی «دزە» و کێوی بۆزی سیناش بە بڵیندایی ٣٤٨٠ لە دراوسێیایەتی ئەو لووتکەیەدا هەڵکەوتووە، له سەر لووتکەی ئەو کێوە زۆرێک لە لووتکەکانی ناوچە وەکوو چیای شەهیدان، چارچەل، جیلو، شاکیوە، خواکورک، ئاودەل کێوی، شاکێوە، حەساری سکران، چیخی دەرێ، قەندیل، بارزین، گابەڵەک، سپی ڕێز، هەڵگورد، و … دیارن هەروەها بەشێک لە ئاوەدانیەکانی ناوچەی شەمزینان بە چاو دیارە.
پەیمانی «سێ سنوور» لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی، ژۆئەنی ١٩٤٤ی زایینی لەدامێنی چیای «داڵانپەڕ» بەسترا. «داڵ» چەشنە مەلێکی باڵدارە و بەرزاییەکەی ئەوندەیە کە پەڕی هەڵۆ هەڵدەوەرێنێ. «سێ میل»کە دەوکێتە تەنیشت داڵانپەڕ، هەڵکەوتی ئەو کێوە لەنیوان سێ وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە «سێ میل»ی ناو ببەن. ( سێ میل بەمانای ئاڵای سێ وەڵاتە). ئەو پەیمانە لەنێوان کۆمەڵەی «ژ.ک» و «حیزبی هیوا» بەسترا، کە ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف بریتی بوون: قاسم قادری قازی وەک سەرۆکی نوێنەران، عەبدولڕەحمان شەڕەفکەندی، عەبدولڕەحمان زەبیحی. لە نێو ئەو چەند کەسە کاک«قاسمی قادری قازی» بەهۆی بەتەمەن بوونی، بەسەرۆکی نوێنەرانی هەردوولا هەڵبژێردراوە. ئەم پەیوەندییەی نێوان کۆمەڵەی«ژ.ک» و «هیوا»، بەیارمەتی و ئازایەتی و تێکۆشانی ڕابیتی «ژ.ک» کاک «سەعید حەمەقالەی بێستانچی»یەوە پێکهاتووە.
(ئامانجی کۆبوونەوەکە کە دەڵێ بۆ بەرەوپێش بردنی ئەمانجی هەر دوو ڕێکخراوەکە بڕیارمان داوە هاوکاری یەکتری بکەین) هاوکاریکردنی هەردولایەن بۆ ڕزگاری کوردستانی گەورە بووە.
هەژار لە کتێبی چێشتی مجێوردا دەڵێ: مانگی جۆزەردان بوو، دروێنەی جۆ لە دەوری بۆکان دەستی پێ کردبوو. حیزب ناردی. چوومە سابڵاغ دەگەڵ «میزا قاسمی قادری قازی» و «زەبیحی» کە دەبووینە سێ کەس، کوتیان دەبێ بچنە «دزەی مەرگەوەڕ» دەگەڵ نوێنەرانی حیزبی«هیوا» کوردستان عێراق گفتۆگۆیە بکەن و هەر قەرارێک ئێوە بیدەن ئێمە پێی ڕازین، بەیانی وەڵاغمان لە «سۆفی شێرە»ناوێک بەکرێ گرت و چووینە «دۆڵی دزەی» بۆ نیوەڕۆ لای «عەبدولقادر»ی کوڕی«شێخ عەبدوڵڵا» لە «گردووان» بووین و ئێوارێ چووینە ڕەشماڵی ماڵێ شێخ لە دزە). نوێنەرانی هیوا بریتی بوون: شێخ عوبەیدوڵڵای زینوێ و سەید عەزیزی شەمزینی کە ئەفسەرێکی عێراق بوو. « سەعیدی کانی مارانی» ناوێکیش کە تازە لاوێک و خوارزای «شێخ عوبەیدوڵڵا» بوو. دەگەڵیان هاتبوو، چەند کۆبوونەومان پێکەوە کرد و لەسەر دوازدە نوختە پێک هاتین کە هەردوو حیزب پێکەوە هاوکاری بکەن و مەعلوومات پێک بگۆڕنەوە. جا چوونکە لەو شوێنەی کە پێک هاتین بناری «داڵانپەڕ» و لایکی «شەمزینیان» و ئەم لای ئێران بوو ناومان نا پەیمانی سێ سنوور، بڕیار درا هەر دوکمان بێ خۆگرتن، هەر کەسە لای خۆی «بەیانییە» بڵاو کەنەوە.
دوای حەوت شەو لە «دزە» بەڕێگەی «شنۆ»دا گەڕاینەوە. لە شنۆ بەپێیان هاتینەوە نەغەدە، ئێمە دەستبەجێ نووسخەی«بەیان» خۆمان لە «نیشتمان»دا چاپ کرد و ئێستا بڵاومان نکردبۆوە خەبەریان داینێ کە حیزبی هیوا بە پێک هاتە ڕازی نەبووە و چاپی مەکەن. ڕوپەڕە چاپکراوەکەی
پێکهاتەکەمان لە گۆڤارەکە دڕی.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە پێویستە ئاماژە بەچەن سەرچاوە بکەین: گۆڤاری نیشتمان ژمارە ٧، ٨، ٩ ساڵی یەکەم بۆ مانگی خاکەلێوە، بانەمەڕ و جۆزەردانی ساڵی ١٣٢٣ بەرامبەر دەگەڵ (ئاوریل، مەی ژووئەن)ی ساڵی ١٩٤٤.
لەلاپەڕەی ١٠ی نوسخەی ئەسڵی گۆڤاری«نیشتمان»دا وتارێک بەقەڵمی مامۆستا «زەبیحی» نووسراوە.
«ئیگلتۆن لەکتێبی کۆماری ١٩٤٦ی کوردستان»لاپەڕە ٧٢
زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب، لاپەڕە٢٠، ٢١
هەژار لەلووتکەدا لاپەڕە٦٣،
سێبەری ئازادی لاپەڕە١٧٥، ٢٣٠ئامادەکردنی: پەیمان ئیبڕاهیم دووست


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *