قلم همنوردان, کوه نوردی

سبلان 1402 “گزارش محسن رزمگه”

۲۹ پووشپەڕە ،سپێدەدەمە و کاتی هەستانە ، ئەمڕۆش خودا دەرفەتی وەی پێدام کە یێکێکی دی لە ئاواتەکانم بێنمە دی .
سەرکەوتنی ئەمجارەمان لە ۱۲کەس پێک هاتبوو بۆ‌ کێوی سەبەڵان( سبلان)(ساواڵان) ، کێوی سەبەڵان بە بەرزایی ٤٨۱۱ میتر لە ئاستی زەریا سێهەمین لووتکەی بڵیندی ئێرانە، هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران و سەر بە‌پاڕێزگای ئەردەبێڵە . لە شاری مەهابادەوە ۳۳۱ کیلۆمیترە کە ڕێگاکەی لە شارەکانی میاندۆئاو . . . تەوڕێز ، ئەهەر(اهر)، مشگین شەهر ، لاهرود ، شابیڵ (آب گرم) تێدەپەرێ .
خۆم تەیار کرد و کۆلەم بە شانم دادا لە ماڵێ وەدەر کەوتم بۆ لای مەیدانی دایک . دوای خواردنی نانی بەیانی و دامەزراندنی کۆلەکان لەسەر ماشێنی کاک ئاڕەشی وەرێ کەوتین بەرەو کێوی سەبەڵان .
کاتی ڕۆژهەڵاتە و نەختە نەختە خۆڕ بە ڕەنگی سوورەوە لە پشت کێوان سەر هەڵدەکێشێ و ڕەنگی زەرد دەنوێنێ . کە خۆڕ زەرد بوو ، چی گیان لەبەرە و جم جۆڵ دەکەوێ و دێتە خڕۆش بۆوەی کە بتوانێ ڕۆژێکی‌تر لەسەر ئەم زەویە ژیان بەرێتە سەر .
لە ماشێن دا جێگام زۆر خۆشبوو.بەڕای من کە هاوڕێکانت گفت و لفتیان خۆشبوو پچی بۆ ناخۆشترین شوێنی سەر زەویش خۆشت لێ دەگوزەرێ . دوای شەش کاتژمێر ڕێگا برین گەیشتینە شارۆچکەیێک بە نێوی قەسابە(قصابە) لەوێ ماشێنەکان گاز و بنزینیان لێدا و ئێمەش پشوویێک‌مان دا . سوار بووینەوە کە پچین بۆ‌شوێنی نان خواردن کە زانیمان هاورێیێکمان بە نێوی کاک شۆڕش لە شوێنی پشوودان‌مان  بەجێ ماوە ، ئەو ڕووداوە بوو بە هۆی وەیکە پێکەنینێکی زۆر بێتە سەر لێوانمان و بەزمێکی پێ بگێرین . بۆ جەمە نانی نیوەرۆیە هەر لەو شارۆچکەیە بووین و لەوێش دیسان پێداهاتنەوەیێکمان هەبوو سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی پرۆگرامەکە . دوای خواردنی نانی نیوەرۆیە وەرێ کەوتین بەرەو پەناگای شابیل ، کاتژمێر ۲ی نیوەڕۆ گەیشتینە ئەوێ و لەوێ ڕا بووین بە دوو تیمی شەش کەسی . تیمی یێکەم بۆ دیتنەوەی شوێینک بۆ‌شەومانەوەمان بە ماشێنی کاک‌ئاڕەشی ڕویشتن بەرەو پەناگای سیمانی و پەناگای مزگەوت . تیمی دووهەم کە ئێمە بووین بڕیارمان دا کە بە پێیان وەسەر کەوین و ڕێگاکەی ببرین تا کاک ئاڕەش دێتەوە لەدوومان .
دەسپێکی ڕێگا برین‌مان بە ڕێژنە بارانەیێک بوو کە هەموومانی سەرمەست ودڵخۆش کردبوو ، هاوڕێ لەگەڵ ڕێژنە بارانەکە تەم و مژێک وڵاتی داگرت . تەم و مژەکە بەو جۆرە بوو کە کاتێک مرۆڤ دەچێتە نێۆ خەیاڵی خاوی خۆی و تەیدا ون دەبێ ، لەشی ئێمەی لەخۆی دا ون دەکرد .
لەمن ڕا وا دیار بوو کە سەبەڵان(سبلان،ساوالان) دەیهەوێ پێمان بڵێ کە من کێوێکی سەربەرزم و ئێوە ناتوانن بەسەر من دا سەرکەون ، بەڵام سەبەڵانیش نازانێ کەئێمە کورە ئازای کوردین و کۆڵ نادەین هەرگیز ، ئەگەر ڕێمان سەد لەوە هەوراز و نشێوتریش بێ هەر دێین و سەردەکەوین.
پاش چەند کاتژمێر ڕێگا برین گەیشتینە ماڵی هەوارچی‌کانی ئەو ناوچەیە کە پێموایە لە چێوداری(مەڕداری) دا دەولەمەند بوون ، چوون مەڕێکی یێکجار زۆریان هەبوو. شتێک کە سەرنجی  منی ڕاکێشا ئەوە بوو کە مەری ئەو ناوچەیە خوڕیێکی سپی و بەڵەکی هەبووو کەپێموایە پێی دەگوترێ ( قزل) .
دوای مالە هەوارچی‌کان لە دوورەوە کاک ئاڕەش مان لێ دیار کەوت ، سواری ماشێن بووین و ماندوونەبوونیمان کرد کەکاک ئاڕەش مزگێنی پێداین شوێنی شەومانەوەمان لە هەموو ئەو جەماعەتەی دیکەی لەوێن خۆشترە ، بەو مزگێنیەی کاک ئاڕەشی گەش بووینەوە .
ئێستا نەبۆتە سێ خولەک کە لەماشێن داین، لە دوورەوە دەیبینین کە خەریکە کارەساتێکی دڵتەزێن ڕووی دەدا پێمخۆشە ئەوەتان بۆ‌ باس بکەم کە ئێوەش وەکوو من بیر بکەنەوە و تێفکرین‌تان هەبێ کاتێک دەتان هەوێ بۆ گەشتێک لەگەل هاوڕێیانتان پچن :
لە دوورەوە دیتمان ئافرەتێکیان کە بە تەواوی لە هۆش چووبوو بە هۆی( ارتفاع زدگی ) لەسەردستیان داناوە و لەماشێن دەێهێننە خوارێ ، هەموو بە تێکرایی گووتمان ڕایگرین و بە فریای بگەین . کاک ئاڕەش کە مامۆستای هەموومانە و زۆری تەجروبەی ئەو جۆرە هەیە چوو پێشەوە و بە
۱: درووست دانیشاندنی ئەو ئافرەتە بۆوەی کە خوێن لە هەموو گیانی دا جەریانی هەبێ .
۲:پڕژاندنی ئاو بە دمووچاوی و تەرکردنی لێوی دا تاکوو برێک توونیایەتی بشکێ و هۆشی هەبێ .
۳:قسە کردن لەگەڵ ئەو ئافرەتە تا جوابمان بداتەوە و بزانین کە هۆشی هەیە.
٤:دەرهێنانی گِتر ، پۆتین ، گۆڕەوی ، و لیباسی گەرم کە هەوای فێنک لێی بدا و لە بەهۆش هاتنەوەی دا یارمەتیمان بدا .
٥. بە یارمەتی وەرگرتن لە هاوڕێیانێک کە لەگەڵ ئەو ئافرەتە بوون چەند شوێن لە  دەمارەکانی لەشمان بەوێ دا ڕۆیشتوون، شێڵایان(ماساژ).
دوای ئەنجام دانی ئەو کارانە لە لایەن کاک ئاڕەش کەم کەم ئەو ئافرەتە هۆشی هاتەوە و هەموومان هەناسەیێکمان بە‌ئاسوودەیی هەڵکێشا.
شتێک کە ئێمە پێمان ناخۆش بوو ئەوە بوو هاوڕێیانی ئەو ئافرەتە(چوار کەسیان) حەتا لە ماشێن نەهاتنە خوارێ کە بزانن چی لێهاتۆ و یارمەتی بدەن. لێرە دا شانازیم بە یانەی خۆمان کرد کە کاتێک بچووکترین
کێشە بۆ کەسێک دێتە پێشێ هەموومان بە دڵ و گیان تێدەکۆشین تاکوو یارمەتی بدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە .
ئەو ئافرەتە بە یارمەتی کاک ئاڕەش هۆشی هاتەوە و حاڵی باش بۆوە ، ئێمەش هیوای سڵامەتیمان بۆکرد و ماڵئاواییمان لێکردن وەرێ کەوتینەوە بۆ شوێنی شەومانەوەمان . شوێنی شەومانەوە لە پشت پەناگای سیمانی بوو ، شوێنێکی یێکجار تایبەت و خۆش . دوای هەڵدانی چادرەکان و دانانی کەڵ و پەڵەکان لەوێ دا لە لایەن کاک ڕەسووڵ بۆ حەسانەوە بە چا و میوە میوان بووم .
ئێستا ئەو کاتەیە کە خەریکە تیشکی زەردەپەڕی خۆر خۆی بەسەر زەوی دا ڕادەکێشێ و دیمەنێکی زۆر تایبەت لە ئاسمانی سێ تەبەقە دا دەنەخشێنێ ، تەبەقێک هەور لەبن پێمان کە دەلەی بووینەتە پاشای تەواوی زەوی و لە خۆمان بایی بووین . تەبەقیک لە وەسەتی ئاسمان کە دەلەی چاو لە ئاوێنەی جوانکاری دانێنەری زەوی دەکەی ، چەند باڵندە بە کۆمەڵ باڵیان گرتۆ و لە بەرزاییکانی چاوی ئێمەدا هەڵدەفرن .
تەبەقی سێهەم بە بەرزی ورەی ئێمە کە مانگ و ئەستێرەی سیوەیڵ لەوێ دا جێیان کردۆتەوە. دوای وێنە گرتن و ویدیۆ هەڵگرتنەوەیێکی زۆر لەگەڵ کاک شۆڕش گەراینەوە بۆلای چادرەکان و هاوڕێیانی‌تر . بە تەواوی وڵات تاریک بوو ، کەش و هەوا نێۆچاوانی لێ گڕژ کردین وا وێ دەچوو کە دەیهەوی ببارێ . من و پێشەوا و کاک سادق بە جۆگە هەڵقەندن لە سەرەوەی چادرەکانمان پێش بەوەی دەگرین کە ئاوی بارانەکە زەفەرمان پێ بەرێ . دوای شام خواردن چووینە نێۆ چادرەکانمان بۆ نووستن . هەورە تڕیشقە لەدوورەوە لێ دەدا و باران دڵۆپ دڵۆپ دەستی پێکردۆ .
بێ خەبەر لەوەی کە قەرارە جەحەندەمی خودای لەسەر زەوی ببینم و جوابی هەرچی کاری خراپە کردوومە بیبینمەوە.کیسە خابەکەم ڕادەخەم کە پچمە نێوی.من و نیما لە چادرێک دابووین و لە کاتژمێر ۱۰ ڕا نیما خەوت ، منیش وەک هەمیشە کاتێک لە دەرێ دەمێنمەوە دەمهەوێ درەنگ بنووم . ئێستا چل خولەک نەگوزراوە کە نیما بۆ‌باری هەوەڵ وەخەبەر هات،من وەمزانی خەونی ناخۆشی بینیوە ئارامم کردوە و خەوتەوە.بارانە خەریکە زۆر توند دەباری و منیش گوێم لەم موسیقا بێ وێنەیە ڕاگرتۆ،بێ دەنگی وڵاتی داگرتۆ و هەموو خەوتوون ، بریار وایە بەیانی زوو سەرکەوین بۆ لووتکە. کاتژمێر ۱۲ دەبێ و دەمهەوێ بنووم. ئێستا چاوم گەرم نەبۆ کە پلارێک و ڕووحم دەکەوێ،دیسان نیما هەستاوە و لە خۆیەوە قسان دەکا دوای دەقەیێک قسەکردن لەگەڵ خۆی خەوتەوە بەڵام خەوی منی شێواند ، خەوم لێ نەدەکەوت هاتمە دەر لە چادرەکەم بارانێکی توند دەباری گوتم خودایە ئەمشۆ چۆن لەگەڵ ئەوە سەرکەم تا بەیانی دیارە ئەوە ناهێڵێ بنووم بۆ‌بەیانی هێزم نابێ بۆ‌سەرکەوتن،چوومەوە ژووڕێ و خەوتم.کاتژمێر ۲:۳٥ نیوە شەو لە پڕڕا نیما دیسان وەخەبەر هاتەوە و منی هەستاند پێی گووتم:بۆ لە پشت سەرم قسان دەکەن ، بۆ‌ باسی من دەکەن ، ئەوەنی خەریکن قسەم بۆ‌ساز دەکەن.ئێستا بە تەواوی تێکەڵم کردۆ ڕووم د نیما کرد و هەڕەشێکی زۆر تووندم لێ کرد، ئەگەر یێک دەفعەی دیکە وا بکا تاکوو کاتی هەستان دەبێ لە دەرێ بنوا.من کە خەوم بە تەواوی تێکچوو هاتمە دەرێ و نیماش هات
کاتژمێر ۲:٤٥ نیوە شەو،تیمێک بە‌ بەردەم چادرەکانی ئێمەدا هاتن.سەد خۆزگەم بە‌نیما کە زڕی فەقەت بۆمن هەبوو،ئەو تیمە کە دەیان هەویست نیشان دەن کە زۆر ئازان لەبەر دەمی ئێمە بە دەنگێکی بڵیند دەستیان پێکرد بە ژماردنی خۆیان ئاخرین کەسیان ۱۲ بوو و ئەوەندە بە توندی وای گووت کە پێموایە ورچەکانیش گویان لێبوو.چووینەوە ژووڕێ و نووستین، هەڕەشەکەم کاری خۆی کرد و ئەوجار تا پێش ئەوەی کاک ئاڕەش نەڵێ بەیانیتان باش هاوڕێیان هەستن کاتی خۆ قوچاغ کردنە هەڵنەستاین.کاتژمێر ۳:٤٥ بەیانیە و خەریکین نانی بەیانی دەخۆین و دوای وی خۆمان قوچاغ دەکەین بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەی سەبەڵان دا. هاوڕێ لەگەڵ گزینگی بەربەیان ئێمەش وەرێ کەوتین بۆ سەرکەوتن بە لووتکەدا. تیمێکی دوازدە کەسی ئازا بە سەرقەدەمی کاک واحیدی خۆشەویست و ڕێنمایی کاک ئاڕەش.ڕێگاکانی سەر کەوتن بۆ لووتکەی سەبەڵان بریتین لە سێ مەسیر: ۱.(شمال شرقی:باکووری ڕۆژهەڵات) کە ئێمە بەوێ‌دا سەردەکەوین،۲.مەسیر(جنوبی:باشور)کە دژوارترین ڕێگای سەرکەوتن بۆ لووتکەیە، شایانی باسە پیست اسکی آلوارز لەو مەسیرەدا هەڵکەوتوە،۳.مەسیر(غربی:ڕوژئاوا)کە لە گۆمی   قەرەگۆڵ(قرەگل) ڕا دەست پێدەکا و دوای گوزەران لە (هرەچال و یخچال عظیم هرە و جان پناە غربی) دەگاتە لووتکەی سەبەلان.
لە دوای پەناگای مزگەوت ڕاوستاین و جڵ و بەرگ مان گۆری بە هۆی وەیکە خۆڕ سەری هێنابوو دەرێ و هەوا گەرم دەبوو نەمان دەۆیست کێشەمان بۆ‌ساز بێ.
من و زۆرێک لە هاوڕێیانی بەشدار بوو لەم سەرکەوتنەدا یێکەم جارمان بوو کە دەمان هەویست بە لووتکەیێکی ئاوا بڵیند دا سەرکەوین.شاخەوانانێکی یێکجار زۆر لە سەرانسەری ئێرانێ هاتبوون و ڕێگاکە زۆر شڵووغ بوو بەو جۆرە کە لە بەعزە شوێنێک بە تەواوی ڕادوەستاین تا ڕێگا بکرێتەوە. گەیشتینە شوێینک بەنێوی (خستە نباشید)
دەبوو شیبی دووهەم لە ڕێی گەیشتن بۆ لووتکە. لەوێ ڕا دەتگووت دەچی نێۆ جیهانێکی تر.کەش و هەوایێکی سارد،تەم و مژێکی زۆر ، شاخەوانانێکی ماندوو،ڕێگا ڕۆیشتنێکی جیاواز،
ڕووخسارەکانی لووتکەیان دیتبوو ماندوویێتیان پێوە دیار بوو.بەڵام ئەوە نەبوو بەهۆی وەیکە ورەمان ببەزێ و کۆڵ بدەین.
دووبارە ڕێدەگرینەوە بەر و سەردەکەوین لە چەند شوێن وچانێک دەدەین، لەکاتی وچان‌دان ئەو شتانەی کە پێویست بوون دەمان خوارد کە‌ بریتی بوون لە(ئاو،نووشابە،لیموناد،باینجان و خوێ،کیک، بیسکویت، خوڕما،شتێکی ترش یا شیرین) خواردنی ئەمانە یارمەتی دەداین کە تا کۆتایی بتوانین سەرکەوین.کاک ئەبووبەکری خۆشەویست کە دۆێنێ هاوڕێ لەگەڵ ئێمە بە‌پێیان لە شابیل ڕا  هاتبوو‌ سەرێ ماندوو ببوو  بەڵام ئەو زۆر ئازاتر لەوەیە کە ئەو لووتکەیەش لەبن نەهێنێ. لێرە ڕا بە هۆی مژێک کە تا دوو میتری خۆت نابینی و سەختی ڕێگا مەجبوورین کەبە دووی تیمەکانی دیکە دا برۆین هەرچەند کە ئەوان سەبر دەرۆن و ئێمە لەو کاتەوە وەرێ کەوتووین هەموو ئەو تیمانەی لەپێشمان بوون بەجێمان هێشتوون و پێش کەوتووین.ئیستا لە بەرزایی ٤۷۹۰ میترین و هاوڕێیکی نوێم بە ناوی کاک خوسڕەو دەڵێ بیست میترمان ماوە ، هەنگاوەکانمان توند دەبێ و تیمەکەمان خۆ توند و تۆڵ دەکەین کە جاری هەوتووم و ئاخرین بار لە خاتوونێکم گوێ لێ دەبێ بە تورکی دەڵێ (ماشالڵە بۆ‌ئەو تیمە هەموو جەوانن ) لەو کاتەی ڕا کە سەر کەوتین تاگوو گەیشتین بە لووتکە هەوت بارم لە شاخەوانەکانی دیکە گوێ لێ بوو کە وایان بە‌ ئێمە دەگووت و ئەوە بوو‌بە باعیس کە زۆر زیاتر شانازی بەوە بکەم کە ئەندامی یانەی ئەورازم.
کاتژمێر ۹:۳۰ بەیانیە و گەیشتووینە لووتکەی کێوی سەبەڵان بەبەرزایی ٤٨۱۱ میتر سێهەمین کێوی بڵیندی ئێران.چەند وێنە و ویدیۆمان هەڵگرتەوە و بە (بژی ئەوراز) گووتنێک بە سەبەلانیشمان سەڵماند کە ئێمە سەربەرزترین یا ئەو.زۆرمان پێخۆشبوو کە گۆمی سەرلووتکە ببینین،بە داخەوە بەهۆی تەم و مژ بۆمان ڕێ نەکەوت. کاتژمێر ۱۰ هاتنەوە خوارمان دەست پێکرد و ماندوویێتی بە تەواوی لە لەشمان دەرچووبوو.لە ڕێی گەرانەوە دا کاک پێشەوا هەستی بە‌سەر هێشە دەکرد کە شتێکی ئاسایی بوو. دوای کەم کردنەوەی زیاتر لە ٤۰۰میتر  بەرزایی لەشوێنێک وچانێک‌مان دا و دوایی وەرێ کەوتینەوە بۆ پەناگای مزگەوت.لەم ڕێیە دا وێنەیێکی تایبەتم کێشا ک زۆر لەمێژ بوو‌ بە‌ئاواتی بووم.دوای ۱٥۰ میتر دابەزینی دیکە هاتینەوە نێو جیهانێک کە هەموو مرۆڤێک دەیبینێ و هیچ تایبەتمەندێکی ناوێ.زۆربەی کەسانێک کە من لە نزیکەوە دەناسن پێیان سەیرە کە من ئاوا گیرۆدەی کەژ و کێو و چییا و دەشت دەرم.بۆیە هەمیشە پێیان دەڵێم ئەو جیهانەی من دەمهەوێ لە جیهانی ئێوەدا دەست ناکەوێ.کاتژمێر ۱۲ نیوڕۆ ئێرە پەناگای مزگەوتە، شاخەوانانێکی ماندوو،تاقمێک نووستوون ، تاقمێک خەریکی خواردنی نانی نیوەڕۆیەن، تاقمێک خەریکن کەڵ و پەڵیان خڕ دەکەنەوە، تاقمێک سواری لەندەوێر (لندروور) دەبن وەر دەکەونەوە بۆ‌ پەناگای شابیل. کاتژمێر ۱۲:۳۰ گەیشتینەوە شوێنی خۆمان ماندوو نەبوونی و پیرۆزبایی مان لە یێکتری کرد بۆ ئەم سەرکەوتنە شکۆمەندانەیە.
کاک پێشەوا و کاک خوسڕەو بە خواردنی حەب(قرص) سەرهێشەی خۆیان چارەسەر کرد.
منیش کەمێک ڕاکشام تا پشوویێکی بدەم و دوایی نان و چای پخۆم و کەڵ و پەڵەکانم خڕ کەمەوە. دوای وەی کە هەستام سەرهێشێکی زۆر هێڕشی کردمە سەر بە جۆڕێک کە چاوەکانم بە زۆری د پشکەوت. منیش ناچار حەبێکم خوارد کە هێدی ببمەوە.دەستی کاک سادق خۆشبێ لە کەڵ و پەڵ پێچانەوە زۆری یارمەتی دام. کاتژمێر ۲نیوەڕۆیە و دەبێ بە شێوازی دۆێنێ شەش کەسمان بە پێیان برۆێنەوە بۆ‌ شابیڵ، کەم کەم سەرهێشەم هێدی دەبێ.لێرە ڕا کاک ئەمیر سەرقەدەمە و ڕێمان پێ نیشان دەدا. لە شوێنێک کە جادەمان بەجێهێشت لە‌پڕ کەروێشکێکی گەورەمان بینی.
لەشوێنێک ڕاوستاوین بۆ‌پشوودانێک کورت شەرێکمان بینی بەینی باز و هەڵۆ ، بازەکە بەرزتر لە هەڵۆکە دەفری و بە تیژی بۆڵای شیرجە دەرۆیی بەڵام هەڵۆکەش نەیدێهشت ئەم بازە زەفەری پێ بەرێ، لە چاوی ئێمە دا ون بوون و ئێمەش وەرێ کەوتینەوە تا گەیشتەنەوە بە شابیڵ دوو کەروێشکی دیکەمان دیت. لە کۆتایی ڕێگا دا گەیشتینە تانکرئاوێکی گەورە و لەوێ خۆمان فێنک کردوە.کاتژمێر ۳:۳۰ گەیشتینەوە شابیل و دوای ماندوو نەبوونێکی دووبارە لە گشت هاوڕێیان و دەستخۆشی لە هەمووان لەگەل کاک سمایڵ سواربووم و وەرێ کەوتینەوە بۆ مەهاباد. لە جادە دا هەستم دەکرد زۆر بەختەوەرم کە توانیومە بەم لووتکەیەدا سەرکەوم. بە قەوڵی کاک سمایڵی کە فەرمووی بە‌هەزاران کەس هەن ئاڕەزووی وەیان هەیە تەنیا بۆ دە قەدەم لەسەر لاقی خۆیان برۆن.
لە ئەهەر(اهر) ڕا بارانێکی توند دبارێ و ناهێڵێ بەم زوویانە ئەو حاڵ و هەوای ئەو ناوچەیەمان لە د و مێشکی بچێتە دەر .
کاتژمێر ۱۰:۲۰ شەو گەیشتینەوە مەهاباد. دەست خۆشی دەکەم لەم هاوڕێیانەی لەو بەرنامەیە دا بەشدار بوون. هەردەم سەربەرز و دڵشاد بن.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *