کوه نوردی

سەرکەوتنی لووتکەی «عەلەم کێو» و «دەماوەند» لە سێ ڕۆژ – صعود علم کوه و دماوند در ۳ روز – تیر ماه ۱۴۰۵

سەرکەوتن و گەڕانەوەی یەک ڕۆژەی تیمی سێ کەسی باشگای ئەوراز بۆ سەر لووتکەی «عەلەم کێو» بە بۆنەی ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێی هەرمان کاک کەماڵ تەڕدەستی خۆشەویست. ڕحژی سێ شەممە
سەرکەوتی و گەڕانەوەی لووتکەی دەماوەند لە ڕۆژی پێنج شەممە بە بۆنەی ڕێز گرتن لە چالاکی کاک ئارەش ئیسماعیل زادە
باشگای  کەژەوانی ئەورازی مەهاباد سپاسی هاوڕێیانی خۆشەویست و بە هەست و ئەمەگناسی خۆی دەکا
کاک سادق خزری
کاک داود مەحمودی
کاک موحسین قادر ڕەش

 

هەر وەک پێشتر بەڵێنیمان دابوو دوو دانه لە سێ لووتکەی سەبەلان و عەلەم‌کوه و دەماوەند بە دوای یەکدا دەبەزێنین و سەردەکەوین، بەختەوەرانە لە ماوەی تەنیا سێ ڕۆژدا توانیمان بە سەر دوو لووتکەی عەلەم‌کوه و دەماوەند دوو بەرزترین لووتکەی ئێراندا سەرکەوین. 
ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ۲۳ی پووشپەڕ کاتژمێر ۲:۳۰ پاش نیوەڕۆیە لە مەهابادڕا وەڕێکەوتین بەرەو چیای عەلەم‌کوه دووهەم چیای بەرزی ئێران. کاتژمێر سێی شەو گەیشتینە قەرارگای ڕوودبارەک کە قەرارگا قەپات ببوو هەر‌ بۆیە ئێمە لە پاڕکێکی خوارتر شەومان بەسەر کرد و پشوویەکمان دا و حەسانەوەیەکی چکۆڵەمان کرد. کاتژمێر ٦ لە خەو هەستاین و خۆمان تەیار کرد و کاتژمێر ۷ی بەیانی بە ماشێنی جۆری لەندەوێر وەڕێکەوتین بەرەو تەنگە گەلوو، لەوێ‌ڕا بەرەو لووتکەی چیای ۴٨۵۰ میتری عەلەم‌کوه کەوتینە ڕێ. کاتژمێرونیوێکمان تاکوو حەسارچاڵ پێچوو لە حەسارچاڵ نان‌وچایی بەیانیمان خوارد کە نیو کاتژمێرێکی خایاند. کاتژمێر ۱۰:۱۵ وەڕێکەوتینەوە بەرەو لووتکە و کاتژمێر ڕێک ۳:۲۳ی پاش نیوەڕۆیە لەسەر حەینی لووتکەی عەلەم‌کوه بووین. 
لەسەر لووتکە دوای وەیکە سەرکەوتنەکەمان پێشکەش بە ڕووحی بەرزی کاک کەماڵ تەردەست ئەندام یانی ئەوراز و شاخەوانی لەمێژینەی شاری مەهاباد کرد. هەر سێکمان کواپاتۆڵمان لەبەر کرد و لەسەر دووهەم بەرزترین لووتکەی ئێران بە جڵی پیرۆزی کوردیەوە وێنە و فیلمان گرت تاکوو بمێنێ بۆ یادگار و بیرەوەری. 
دوای گەڕانەوەمان بۆ خوارێ، زۆربەی شاخەوانەکانی شارەکانی تر بەهۆی وەیکە جلی کوردیمان لەبەردا بوو و توانیبوومان یەکڕۆژە بەسەر عەلەم‌کوه‌دا سەرکەوین پێشوازیان لێکردین و مەدح و ستایشی شاخەوانە کوردەکانیان کرد کە ئەو بابەتەش بوو بە مایەی دڵخۆشیمان چونکە توانیبوومان ببینە هۆی ڕووسووری خەڵکی خۆمان.
دوای داگەڕانمان و کۆتاییهێنانی بەرنامەکەمان ئێمە کاتژمێر ۷ی گەیشتینەوە تەنگە گەلوو و سواری لەندەوێر بووینەوە و گەڕاینەوە بۆ قەرارگای ڕوودبارەک و شەوێ لەو شوێنە ماینەوە و پشوومان دا و حەساینەوە. بەیانی هەستاین و بەرەو پاڕکینگی دەماوەند کەوتینە ڕێ، کاتژمێر ۳ی پاش نیوەڕۆیە لە پاڕکینگی دەماوەند بووین و کاتژمێر ۳:۲۰ لە پاڕکینگ وەرێکەوتین و کاتژمێرونیوێکی خایاند کاتوو گەیشتینە گوسفەندسەرا و کاتژمێر نیزیک ۸:۱۴ گەیشتینە بارەگەی سێ و هەر لەوێ پشوویەکی چەند کاتژمێریمان دا و کاتژمێر ۱ی شەو وەڕێکەوتین بەرەو لووتکەی ۵٦۰۹ میتری دەماوەند بەرزترین چیای ئێران و ڕێک کاتژمێر ۷ی بەیانی لەسەر لووتکە بووین و سەرکەوتنی لووتکەی دەماوەندیشمان بەگشتی پێشکەش بە هاوڕێیانمان و شاخەوانانی کوردستان و بەتایبەتیش پێشکەش بە کاک برایمی خاتەمی کرد و ئەوجار داگەڕاینەوە خوارێ و  بۆوەی کە زووتر بگەینەوە خوارێ، بە شێن‌ئیسکیدا بە دوو کاتژمێران هاتینە بارەگەی سێووم و لەوێش‌ڕا بە کاتژمێرونیوێک گەیشتینەوە گوسفەندسەرا بە هۆی وەیکە  زۆر ماندوو ببووین لە گوسەفندسەراش‌ڕا تاکوو پارکینگی دەماوەند بە لەندەوێر هاتینە خوار و نیو کاتژێرمان پێچوو
لە کۆتاییدا سپاسی بێ‌بڕانەوەم ئاراستەی کاک موحسین قادرڕەش و کاک داود مەحموودی دەکەم دوو هاوڕێی خۆشەویستم کە لەو سەفەرەدا بێجگە لە دژواری و سەختی سەرکەوتن بەسەر دوو چیای بەرزی عەلەم‌کوه و دەماوەند ماندووبوونی ماشێن لێخوڕینیشان لە ئەستۆ بوو، هیوادارم هەردەم لەشساغ و ورەبەرز بن و بمێنن بۆم.
چەند خاڵێکیش جێگای ئاماژەیە ئەوەی کە حەشیمەتێکی زۆر ڕوویان کردۆتە دەماوەند و بەتەمای سەرکەوتن بەسەر ئەو لووتکەیەدان، ئێمە لە ڕێی سەرکەوتنمان بۆ سەر لووتکەدا وەک ئەرکی شاخەوانیمان یارمەتی ئەو کەسانەمان کرد کە مابوونەوە بۆ نموونە کاک داود لە بەرزایی ۳۵۰۰ میتری کۆڵەپشتی کەسێکی بەتەمەنی هەڵگرت کە توانای نەبوو سەرکەوێ و تاکوو بارەگای سێووم بۆی هێنا. هەروەها کەسێک بەناوی ئاغای خوداپەرەست کە پێشتر چەندین جار هەوڵی دابوو لووتکەی دەماوەند ببەزێنێ و نەیتوانیبوو یان هاوتیمییەکانی بەجێیان هێشتبوو ئەوجار لەگەڵ ئێمە کەوت و یارمەتیمان کرد تاکوو بگاتە لووتکە و لەوێش بە گریانەوە سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە بنەماڵەکەی کرد و ئەوەش بوو هۆی دڵخۆشیمان کە یارمەتیدەر بووین کەسێک بە سەربەرزی بگاتە ئەو ئامانجەی کە تەمای بۆ گرتووە.
هەروەها لە سەرکەوتن بۆ لووتکەی دەماوەند چەندین شاخەوانی شارەکانی تر وەکوو تاران، شیراز، قووم، کرماشان و … لەگەڵ ئێمە کەوتن و وێڕای ئێمە هاتن بۆ لووتکە.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی سپاسێکی زۆر تایبەتمان هەبێ بۆ یانەی ئەوراز و کاک برایمی خاتەمی وەک سەرپەرشتیار و کاک ئاڕش ئیسماعیل‌زادە وەک ڕاهێنەری یانە، هەروەها خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە وەک شاگردی کاک ئاڕش ئیسماعیل‌زادە توانیومانە وەها بەرنامەیەک بە سەرکەوتی ببەینە پێش.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *