قلم همنوردان

لە بەرزایی لووتکەوە تا بوون و وانوێنی – هێما (رسول آماده پور)

لە بەرزایی لووتکەوە تا بوون و وانوێنی.  (وانمود)

 

هایدگێڕ”کوتەنی مرۆڤ “دازاین” ئەو بوونەیە کە بوونی هەمیشە لە ناو جەهان و دەگەڵ جەهانا مانا پەیدا دەکا.

  لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەدا ئەو “بوونە” لە ناوهەنگەمەی خوو و خەدە و عادەتگەلەکاندا ون دەبێ.

بەڵام سرووشت و کێو ئەو عادەتگەلە تێکدەشکێنێ، دەگەڵ یەکەم هەنگاو بە سەر هەورازی ڕندۆڵە شار لە پشت سەران جێما و جەهانێکی تر هاتە پەیڤین ئەو جەهانەی لە ناویدا زەمان نە بە کاتژمێر بەڵکوو بە هەناسەکان و کوتانی دڵ و کورتی و درێژی سێبەرەکان پێوانە دەکرا…

ڕاستەقینەی کێو و ئەزموونی کێو لەو شتانەدایە کە هەرگیز فیلمی لێ هەڵناگیرێتەوە …

ئێستا کە بەرنامەکە کۆتایی پێ هاتوە و گەیشتۆتە ئەنجام ئەوەی لە بیرەوەری ئێمەدا ماوەتەوە بەڕزایی لووتکە و کات و زەمانی پێوان نییە. بەڵکوو ئەزموونی ئەو بوونەیە کە لە نێوان بەرد و “با” بەفر و دۆڵ و قاسپەی کەو و هێلانەی مەل و جێ پەنجەی ورچ و حەپەی سەگی بەر مەڕان و… هاتۆتەدی.

 

ڕۆژی چوارشنبە سێی پووشپەڕی 2726،کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەو کاتەی شار هێشتا لە شیرین خەودا بوو. “وەنەکە” لە مەهابادەوە بەرەو ئاڵکاوێی شنۆ وەڕێ کەوت.
بە ڕواڵەت، شکنا و مەخسەد ئەو تیرەگەشانە (خەتولڕەئس) بوو کە سەرەتای ڕندۆڵە و ناوەندی زەرکێو و کۆڕی ڕەزەوان و ئاکامیشی بۆزی سینا بوو.
بەڵام ،نا، مەخسەد  تەنیا پێوانی هەورازونشێو و سەرکەوتن لە چەند لووتکە و شوێنگەلی جوغرافیایی نەبوو. بەلکوو زۆرتر پێوانی ڕێگەی بوون،بوو.
“هایدگێڕ”کوتەنی مرۆڤ “دازاین” ئەو بوونەیە کە بوونی هەمیشە لە ناو جەهان و دەگەڵ جەهانا مانا پەیدا دەکا.   لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەدا ئەو “بوونە” لە ناوهەنگەمەی خوو و خەدە و عادەتگەلەکاندا ون دەبێ. بەڵام سرووشت و کێو ئەو عادەتگەلە تێکدەشکێنێ، دەگەڵ یەکەم هەنگاو بە سەر هەورازی ڕندۆڵە شار لە پشت سەران جێما و جەهانێکی تر هاتە پەیڤین ئەو جەهانەی لە ناویدا زەمان نە بە کاتژمێر بەڵکوو بە هەناسەکان و کوتانی دڵ و کورتی و درێژی سێبەرەکان پێوانە دەکرا.
چاردە کاتژمێر کێو پێوان جەستەمانی گەیاندە ئەوپەڕی توانایی خۆی. کۆڵەی من لە هەموان قورستر و بوو بە هەوێنی فشە و خەندەی هاوڕێیان لە نێوان ڕێدا، میوەکانم دا بە کاک ئاڕەش و قابڵەمەی برینجم دا بە کاک ئێحسان و نانەکەم دا بە کاک مکائیل و ئیپی و کتریشم دا بە کاک کامیل. لە سرنجی یەکەمدا ئەوە هەر دابەش کردنی کۆڵە و باری من بوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕووداوێکی بوونگەرایانە بوو.
“هایدگێڕ”لە پێکەوە بوون  دەدوێ، لەوەی کە لە سەرەتاوە  بوونی مرۆڤ، بوونێکی هاوبەشە و هیچ مرۆڤێک بە تەنیایی باریکە ڕێی ژیان تێپەڕ ناکات. لەو شوێنەی کێو لە ڕژدی و لە کەند و هەڵدێران و خۆڕەی ئاوی کەف چڕێن و فڕکەی لە ناکاوی پۆلی باڵندان و لە نووقمی بێ دەنگیدا هەیبەتی هەیە و “سام” ی  ئەو ڕاستییەمان پتر بۆ دەردەکەوێ…
لە ڕێدا چەند نەفەر لە هاوڕێکانمان بە خێرایێکی زۆرتر تاقمێک لە ئێمەیان جێ هێشت و مەودایەکی زۆریان خستە نێوانمان و بۆ ماوەیەک لە پێش چاوان بزر بوون. هەرچەند دواتر گەڕانەوە ناو پۆلی هاوڕێیان، ئەو دابڕانە بەرلەوی کێشەیەکی تەکنیکی بێت ئەو پرسیارەی لە مێشکماندا ورووژاند:
” لە کێودا پێشکەوتن ڕێک چ مانایەکی هەیە؟ ئاخۆ جەهانی مۆدێڕن و ئەوڕۆیی مرۆڤ بۆ پێشکەوتن هان دەدات، بۆ خێرایی و لە پێشەوە بوون و یەکەم کەسی گەیشتن بە مەخسەد؟”
بەڵام مەنتقێکی تر لە کێودا لە ئارا دایە، “تیرەگەشان” (خط الراس) مەیدانی تڕاتێن و کێبەرکێ نییە، ئەگەر خێرابوون ببێتە هۆی پچڕانی پێوەندی پتەوی ڕوحی هاوڕێیان ئیتر ئەوە نیشانەی بەهێزی و پاڵەوانەیەتی و توانایی نییە بەڵکوو هێمای دابڕان لە ڕیتمی هاوبەشە و سازی ناساز…
هایدگێڕ بیرمان دێنێتەوە کە مرۆڤ بەرلەوەی تەنیا هەر”من” بێت دەگەڵ “ئەوی”ترە کەوایە .
لێ پرسین و بەرپرس بوون لە هەمبەر یەکدیدا نەتەنیا هەر گرێ بەستێکی ئەخلاقی نییە بەڵکوو بەشێکە لە پێکهاتەی بوونی مرۆڤ لەو ڕوانگەوە هەر مەودایەکی دەکەوتە نێوان هاوڕێیان، تەنیا مەودایەکی جوغرافیایی نییە بڵکوو قەڵش و چڕژێکە دەکەوێتە تێرادین و ئیعتماد و متمانە کردن. کێو فێرمان دەکات کە گەیشتنی نەفەرێک بە مەخسەد ئەگەر بە تێچوو و نرخی لێکدابڕانی هاوڕێیان و لەکیس چوونی متمانە بێ لە ڕاستیدا نە تەنیا گرینگ نییە بڵکوو گەلێک بێ بایخ و بێ ئەڕزشتە. هەر چەند “نیچە”ش باس لە بەرزەڕەوی “فراروی” مرۆڤ دەکات ببڕای ببڕای ئەو بەرزەڕەوییە دەگەڵ رکەبەری “رقابت” ڕووەکی”سطحی” بە هاوسەنگ دانانێ و پێکیان ناگرێ.
ئەوە، ئەو ڕاستییەمان پێ دەقەبڵێنێ  کە کێو مەیدانی زاڵ بوون بە سەر ئەوی تر دانییە بڵکوو بە پێچەوانە مەیدانی زاڵ بوون بە سەر “من” یا بە سەرخۆ دایە لێرە ئیتر ئیرادەی سەر بە هێز(ارادە معطوف به قدرت) نە زاڵ بوون بە سەر ئەوی تردا بڵکوو مەهار کردنی خێرایی خۆ و فەردییەتە بە قازانجی کۆی هاوڕێیان.
دوور لە هاوڕێیانی پێشکەوتوو هاوئاهەنگ هەنگاوبەهەنگاو ڕێگە دەبڕین و چێژ لە هەوای پاک و بێ گرد وەردەگرین و تەواو گیرۆدەی سێحری جوانی کوێستانەکان بووین هەر کام نووقمی خەیاڵێک و ئاوێتەی جوانییەکانی سرووشت. جارناجار بە فڕکە و ویزەی ” هێلی شات”ی کاک کامیل کە پەیتاپەیتا سەرقاڵی فیلم هەڵگرتنەوەیە دێینەوە سەرخۆ…
لێرەیە کە دیسان هایدگێڕ بە شێوازێکی دیکە دێتەوە بەرچاو ئەو کە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە دەڕوانێتە تێکنۆلۆژی دەڵێ کێشە خودی ئامرازگەلی تێکنۆلۆژی نییە بەڵکوو ئەو شێوازەیە کە ئامرازەکان چۆنچۆنی جەهانی ئێمە دەخنە ڕوو.
هایدگێڕ پێی وایە تێکنۆلۆژی بە جۆرێک مرۆڤ لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەخاتەوە. بۆ وێنە هێلی شاتی کاک کامیل
“ژین جەهان” یا (جهان زیستە) یا بەواتایەکی تر سات بە ساتی ئەزموونی ژیاوی ئەو کاتی ئێمەی دەگواستەوە بۆ وێنە و فیلم ئەو شتەی کە دەبێ ببیندرێ و سەبت بکرێ و پاشان ئارشیو بکرێ و پاشان غوباری فەرامۆشی لە سەر بنیشێ.
نیگەرانی هایدگێڕ ئەوەیە بەو شێوە کێو و سرووشت و ئەزموونی ئێمە لە کێو دەبێتە ئۆبژە و دیاردەیەک بۆ دیتن و پاشان ئارشیو و فەرامۆشی ئەو بەشە لەبوونمان کە تێدا ژیابووین.
جێگای سرنجە ئەگەر هایدگێڕ باس لە فەرامۆشی “بوون” دەکات ئەوە ” ئادۆڕنۆ”ش بە هەمان شێوە باس لە فەرامۆشی “ئەزموون” و تەجرەبە دەکات لە ڕوانگەی “ئادۆڕنۆ”وە جەهانی مۆدێڕن ئەزموون و تەجرەبە خالیس و تایبەتەکان دەگوازێتەوە یا دەگۆڕێ بۆ کالایەکی کلتووری و فەرهەنگی.
بۆ وێنە فیلمەکەی کاک کامیل دەتوانێ ببێتە یادگارییەکی پڕ بەها بەڵام بۆی هەیە لە هەمان کاتیشدا تەنیا ببێتە مەسرەفێکی تەسویری بۆ جەهانی مەجازی.
لە ڕوانگەی “ئادۆڕنۆ”وە کێشە و خەسارەکە لێرەدایە کە ئاستی کوێرەوەری و ماندوو بوون و ئەو بێدەنگی و هاوڕێیەتی و چێژ وەرگرتنی ئێمە لە کێو و سرووشت بۆ چەند چرکەساتی فیلم و وێنە دابەزێ.
لە ئادۆرنۆ خرابتر “بۆدێڕیار”هەنگاوێک بەرەو پێشتر دەچێ و دەڵێ کێشە ئیتر هەر بە کالابوونی ئەزموونەکان نییە بەڵکوو ون بوونی خودی حەقیقەت و ڕاستەقینەیە. بۆ وێنە فیلمەکەی کاک کامیل ئیتر سەرلەنوێ نواندنەوی کێو و کوێستان نییە بەڵکوو وردە وردە دەبێتە خودی کێو و کوێستان! ڕەنگە لە لاپەڕەی ئنیستاگڕامی کاک کامیل هەزاران کەس فیلمەکەی  ببینن و پێیان وابێ بەو دیتنە ئەوە لە هەموو هەوراز و نشێوەکانی تیرەگەشانی ڕندۆڵە تا بۆزی سینا شارەزا بوون بێ ئەوەی تەنانەت یەکبار بەردەڵان و تاتە بەردی ئەو تیرەگەشانەیان لە ژێر پێی خۆیان هەست پێ کردبێ.
لە جەهانی “بۆدریار”دا کۆپی جێگای ئەسڵ دەگرێتەوە  یا وانوێن “ی” وانمود” جێگای ڕاستەقینە و حەقیقەت دەگرێتەوە.
لە ڕوانگەی “بۆدێریار”ەوە ڕەنگە کەسێک فیلمی بەرنامەکەی ئێمە ببینێ و پێی وابێ لە ڕندۆڵە و زەرکێو و کۆڕی ڕەزەوان و بۆزی سینا سەرکەوتوە بەڵام ئەوەی ئەو دەیبینێ تەنیا حەرەکەتی جەستەکانی ئێمەیە و تەواو. چوونکە هیچ دووربینێک ناتوانێ وەزنی ئەو کۆڵەیەی قورسایی دەخاتە سەرشان یا ئەو ساتەی هاوڕێیەک بەوپەڕی ئازایەتی و جوامێری بەشێک لەباری هاوڕێکەی تری دەخاتە سەرشان سەرلەنوێ بنوێنێتەوە یا فارس کوتەنی “بازآفزینی” بکا.
کە وابوو ڕاستەقینەی کێو و ئەزموونی کێو لەو شتانەدایە کە هەرگیز فیلمی لێ هەڵناگیرێتەوە.
ئێستا کە بەرنامەکە کۆتایی پێ هاتوە و گەیشتۆتە ئەنجام ئەوەی لە بیرەوەری ئێمەدا ماوەتەوە بەڕزایی لووتکە و کات و زەمانی پێوان نییە. بەڵکوو ئەزموونی ئەو بوونەیە کە لە نێوان بەرد و “با” بەفر و دۆڵ و قاسپەی کەو و هێلانەی مەل و جێ پەنجەی ورچ و حەپەی سەگی بەر مەڕان و… هاتۆتەدی.
ئەو بوونەی کە هەر وێنە و فیلمێکی هاوڕێیان “ئەفلاتوون” کوتەنی  تەنیا سێبەرێکە لە ڕاستەقینە.
ئەگەر بە قسەی هایدگێڕ بێت کێو بۆ چەند ساتێک ئێمەی گەڕاندۆتەوە بۆ بوونی ئەسیل.
ئەگەر حەق بە “ئادۆڕنۆ” بێ دەبێ وریا بین ڕاستەقینەی بوون لە بازاری وێنە و فیلم و جەهانی مەجازیدا خەرج نەبێ.
ئەگەر حەق بە “بۆدێریار” بێ نابێ ئیزن بدەین کۆپی جێگای ئەسڵ بگرێتەوە ئەگەریش حەق بە “نیچە” بێ ئەرزشی بەرنامەی بۆزی سینا لە سەرکەوتنی لووتکەکاندا نییە بەڵکوو لەوەدایە ئەو مرۆڤەی دوای گەڕانەوە لە لووتکەکان ئیتر هەمان مڕۆڤی پێش وەڕێ کەوتن لە شار نییە.
لە کۆتاییدا کوێستان بە پێچەوانەی شار و جەهانی مۆدێڕن مڕۆڤەکان بە پێی خێرایی و ئازابوون و پێشکەوتن لە ڕێدا پۆلێنبەندی ناکات بۆ بەرد و با و باران و بەفر و شیو و دۆڵ یەکەم کەس و ئاخر کەس هەر یەکن و لێکیان هەڵناوێرن …ڕەنگە سەرکەوتن لە لووتکە کۆتایی ڕێگا نەبوو بەڵکوو سەرەتای ئەو پرسیارە بوو کە ئاخۆ ئێمە تەواوەتی بوونمان لەگەڵ خۆمان لە کێو هێناوەتەوە یا هێشتاش بەشێک لە بوونمان لە سەر “تیرەگەشانان” لە شوێنێک لە نێوان با و بەرد و هاژە و خوڕەی ئاوی کەف چڕێن بە جێ ماوە؟
هێما

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *