بدون دسته بندی, قلم همنوردان

شەماڵ هات بە گاڵە گاڵ هەور بوون گەواڵ گەواڵ

  • شەماڵ هات بە گاڵە گاڵ        هەور بوون گەواڵ گەواڵ    م. هێمن

    زریان بەفر توند و دندووکەی بەفری کۆن و چلوورەی سوانان چەق بەستوو دەکا ، دواین زەختی سەرما، دانار،  داناری بەفرانە.
   شەماڵ لە پاشە ، دواکەوتووە، جێماوە، نۆرەیەتی، تورەییە ، باسک و بستۆ و سۆگان رادەماڵێ، رەش بەڵەک دەکا ، چۆڕە چۆڕییان دەخاتە بنێ ، ئاوی بە تینی خۆڕی تواوەی کەوییان دڕی بە رندوان داوە ،شەقار شەقار ، ڕەهەند، ڕەهەند هەڵیان دەبڕێ لێک دادەبڕن،  هەرەس دێنێ ،ڕەشانگ بەرینتر و رنوو گچکەتر دەکات .
   رەش ،بۆر ، شینکی، رەش تاڵ، مۆڕ، غەزریو لەکەلێن ،گۆڕەپانی زۆران بازێ، تێک دەبەزن ، لێک دەترازن،  تێک دەگیرێن،  گرمەیە،  هەڵلایە ، دونیا خەرا بوونە، گویچکەی  کەوی کەڕ دەکەن .
  بریسکە و چەخماخەی دەدا ،جەرگی ئاسما ئێ هەڵدەدڕێ، شوڕابەی دەدا
   گۆپاڵ باران،  ڕێژنەی بە خوڕ، بەری ئاسمان کوون بووە ! ، دادەبارێ  بەبێ ژمار دڵۆپی باران ، بە نرمە و خووناوە ، بە لەنگیزە ، بە گورد ، گڵ و تات و تەلان،  لێڕ و دار و دەوەن،  رەوز و ئاستەم و حاسێ دەخووسێنێ ، جۆگەتەی دەگرێ ، لاخڕ و شێو و دۆڵ، هاژەی دێ  بەرەوژێر، بە سێڵاو و لێزماو رادەماڵێ کاو و کۆت و ئاوماڵکی پار. 
   کانی تەقی ، جمگە خزی،  کەندال جمی ، گابەرد لەقی تاویر بۆوە بەرەو ژێر 
   گیا کەوڵەی بەر ڕۆژان ، لە کەلین و قوژبنی پاردەی حەوشان  یاساوڵانی بەهار سەریان وەدەرناوە،  لە گۆڕک و پەنتاوان کەماو تاڵوو، بۆڕ ، وینجە شوانە و مەندۆک سەریان پێوەناوە.
   میلاقە، هەڵاڵە،  سوێسن،  بەیبوون،  شەش پەڕ، زەنبەق، گوڵە گورگە، شڵلیر، لە سەر تیشان  تێکەڵی زەماوەندی بەهاری گوڵان دەبن بە بۆنی گوڵی سوور ئاڵی چەقالە و سپی تاڵە سێو و کرۆسک ، جاترە ، نەعنا و بیزا و بەیبوون  و هەڵز ….. دەخەمڵێنن هەموو خاکی کوردوستان 
سمایل قەزاق ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٥

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *