سەرکەوتنی لووتکەی «کۆڕی رەزەوان» (زەرد کێو)لە ئاوایی «گەڵازی شنۆ» ڕا لە ٢٢ی جوزەردانی ١٤٠٥
– صعود قله «زردکوە » (کوری رزوان) اشنویە از روستای «گلاز» در ٢٢ خرداد ۱۴۰۵
سەفەری ئەو هەینییەمان بۆ لووتکەی چیای کۆڕی ڕەزەوان سەفەرێکی تایبەت بوو بە ڕێژەی دژوارییەکی تایبەت کە هەموو ئازیزانی یانەی ئەوراز نەدەکرا بەشدار بن، بۆیە بەیانی کاتژمێر ۵ وێڕای ۱۷ کەس لە کوڕ و کچەکانی یانەی ئەوراز لە گۆڕەپانی دایکڕا وەڕێکەوتین بەرەو شنۆ و ئاوایی گەڵاز.
کاتژمێر لە حەوتی لایدابوو کە گەیشتینە گەڵاز، لە ڕێگایە دووراودوور لووتکەی بەرزی کۆڕی ڕەزەوان خۆی دەنواند و قیت دەیڕوانی سەر ناوچەکە، لووتکەیەکی داپۆشراو بە بەفر کە بەرزترین لووتکەی ئەو دەڤەرەیە. دوای گەیشتن بۆ گەڵاز کاک سەلاح زەحمەتی کێشا و ویستی بەشێک لە ڕێگاکەمان بۆ کەم کاتەوە بە ڕێگا خاکی و هەورازەکەی دوای ئاواییدا وەسەر کەوت بەڵام بەداخەوە بە هۆی سێڵاو ڕێگا خرا ببوو و دوای پێچی دووهەم مینیبووسەکە گیری کرد و حاسێ بوو، هەرچۆنێک بێ بە هاوکاری و زەحمەتێکی چەند خولەکی ماشێنمان ڕزگار کرد و ئیتر هەر لە دوای پردی سەر چۆمی ئاوایی گەڵازڕا بە خەتبووین و وەڕێکەوتین بەرەو کانی سەید.
لە کاتی وەڕێکەوتنمان تاکوو گەیشتن بە کانی سەید ڕێک یەک کاتژمێرمان پێچوو، شکوور تیمەکەمان تیمێکی قۆچاخ و ئازا بوون. لەسەر کانی سەید حەسن دانیشتووین و تاشتیمان (صبحانە) خوارد و کاتژمێر 10ی هەستاین و وەڕێکەوتین بەرەو لووتکە، لووتکەیەک کە لە داوێنیڕا تاکوو سەرێ بەشێکی زۆری بە بەفر داپۆشرابوو، لە سەرەتای ڕێگاوە بە ڕاوێژێکی هەمە لایانە بڕیارمان دا بە یالەکەی لای چەپدا سەرکەوین و هەتا ئاستی ڕەوەزە بەردەکان و دواتر ئەو یەخچاڵە بەفەرە دەور لێدەینەوە کە کڵاوەی کردبوو. هەر وامان کرد و وردە وردە بەرەو لووتکە هەڵکشاین، بست بە بستی ئەو ڕێگایە پڕ بوو لە جوانی و سەوزایی و ئاو و کانیاو و گۆم و گۆماو، کەشێکی فێنک و بایەکی کەمێک بەهێزیش هەڵکردبوو. زۆر بە ڕێکوپێکی و بەدوای یەکدا قەتارەمان بەستبوو و بەرەو لووتکەی 3310 میتری کۆڕی ڕەزەوان دەڕۆیشتین، جێگای وابوو ڕژد بوو هەناسەی دەگرتین، جاری وابوو بەفرمان دەبڕی تاکوو گەیشتینە سەر یاڵەکەی لای چەپ کە بڕیارمان دابوو بەوێدا سەرکەوین. لە سەر یاڵەکە بایەکە بەهێزتر و تووندر ببوو، بەڵام بەبێ ڕاوەستان و مەحتەلبوون ڕێگامان بڕی تاکوو گەیشتینە یەکەم یەخچاڵە بەفر کە یەخچاڵێکی ڕژد بوو درێژایشی زیاتر لە 700 میتر بوو. هەموو ئەندامان بە ڕێکوپێکی و بەدوای یەکتریدا بەفرمان بڕی و بەبێ کێشە گەیشتینە ڕەوەزە بەردەکان. لەوێ چەن خولەکێک وەستاین تاکوو بڕیار بدەین بۆ درێژەپێدانی ڕێگاکەمان، ژیرانەترین کار ئەوە بوو بە ڕەوەزە بەردەکاندا هەڵکشێنە سەرێ تاکوو یەخچاڵی دووهەمی سەر ڕێگامان کە کڵاوەی کردبوو و درزیشی تێکەوتبوو دەور لێدەینەوە، هەر وامان کرد و هەتا سەر تیرەگی سەرێ ڕانەوەستاین. ئیتر لەوێڕا لووتکە زۆری نەمابوو تاکوو بە دیداری ئێمە شاد ببێتەوە. بەسەر تیرەگەکەیدا زۆر نەڕۆیشتین کە لە لای چەپەوە سپیڕێز و کێلەشین و هەڵگوردی سەربەرزمان لێ وەدیار کەوتن کە هێشتا جلی سپی زستانیان دانەنابوو هەر کەمێک ئەو بەرتریش زنجریە چیاکانی قەندیل خۆیان دەنواند. ئیتر لەوێڕا بایەکە زۆر تووندی کرد، بەجۆرێک کە تەکانی لێ دەدایین و هەنگاوهەڵێنانەوەی لێ دژوارتر کردبووین بەڵام خولیای گەیشتن بە لووتکە هەنگاوی بەهێزتر کردبووین و زۆر زوو خۆمان گەیاندە لووتکەی قیت و سەربەرزی کۆڕی ڕەزەوان یان زەردکێو. کاتی گەیشتمان چارەگێک لە یەکی نیوەڕۆیە لایدابوو، واتە لە ناو ئاوایی گەڵازەوە تاکوو دووندی کۆڕی ڕەزەوان ڕێک چوار کاتژمێر و چارەگێکمان پێ چووبوو. دەکرێ بڵەین کاتێکی زۆر باش بوو بۆ ئەو سەرکەوتنە کە بەفربڕینێکی زۆری هەبوو و بایەکی بەقەوەتیشی دەهات و ئەوەش نیشانەی ئازایەتی و قۆچاخبوونی ئەندامانی بەشداربووی بەرنامەکە بوو.
لەسەر لووتکە وچانێکمان دا و هەندێکمان خواردن پێبوو لەگەڵ یەکتر هاوبەشمان کرد دوای وێنەکێشان ڕێک کاتژمێر 2ی هەستاین و داگەڕاینەوە خوارێ و هەر بەو ڕێیەیدا کە پێیدا هاتبووین گەڕاینەوە، کاتێک گەیشتینە یەخچاڵە بەفرەکان هەندێک لە هاوڕێیان بڕیاریان دا بە خلیسکێن بچنەوە خوارێ، سەرەڕای وەیکە یەخچاڵە بەفرەکان زۆر ڕژد بوون بەڵام قەتارەی خلیسکێنیان بەست و ئەو ڕێگایەی بە سێ کاتژمێر بڕیبوویان بە نیو کاتژمێر پێیدا چوونەوە خوارێ، ئەو هاوڕێیانەی تریش وردە وردە بە پێیان داگەڕانە خوارێ و کاتژمێر نیزیک چواری ئێوارێ گەیشتینەوە سەر کانییەک و لەوێ دانیشتن و فراوینمان کرد و کەمێکمان وچان دا و کاتژمێر 5:30 ئێوارێ خۆمان کۆ کردەوە بەرەو ئاوایی گەڵاز داگەڕاین کە لەوێ کاک سەلاح چاوەڕێمان بوو. دەم بە قسە و بە گاڵتەی و جەفنگ و دڵخۆش لەوەیکە ڕۆژێکی تایبەتمان تێپەڕاندبوو و توانیبوومان بەسەر لووتکەیەکی چڕی 3310 میتریدا سەرکەوین نیزیک کاتژمێر 7ی ئێوارێ بە نەزم و دیسپلینێکی شاخەوانانە و بەدوای یەکتریدا قەتارەمان بەستبوو گەیشتینەوە کن ماشێن و کۆڵەکانمان لە ماشێن هاویشت و سوار بووین و یەکسەر تا مەهابادێ ڕانەوەستاین.
صادق خضری – چالاک کورده
